هه‌ڵبژاردن كاریگه‌ری له‌ رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا كردووه‌

چاودێران: كێشه‌كان له‌ عێراق به‌ سیاسی كراون
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دۆخێکی ئاڵۆزی ھێناوەتە ئاراوە. ئەو دۆخە ئاڵۆزەش كاریگەری لەسەر رێککەوتنی ھەرێمی کوردستان و بەغدا کردووە لەسەر بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان و لە رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داھاتووی عێراق. چاودێرانی سیاسی دەڵێن: بەغدا بەشە بودجەی ھەرێمی کردووە بە قوربانی ململانێیە سیاسییەکان و ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی پێشوەختە.

ماوەی چەند رۆژێکە شاندێکی ھەرێمی کوردستان لە گفتوگۆی بەردەوام دایە لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و حزبی عێراق، ئەمەش تەنیا بە مەبەستی دیاریکردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان لە رەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داھاتوی عێراق. ھەرێمی کوردستان ھەموو رێگاکانی بۆ بەغدا کورت کردووه‌تەوەو بە ھەموو داواکارییەکانیان رازین، بەڵام بەرپرسانی بەغدا نایانەوێت بچنە ژێر باری رێککەوتن ئەمەش بۆ دوو مەبەست، یەکەمیان یەکلا کردنەوەی ململانێیە سیاسییەکان لەسەر حسابی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و بەشە بودجەی ھەرێمیش وەکو کارتێکی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پێش وەختە بەکاردەھێنرێت.

د. ئازاد دۆسکی شارەزای دەستورو یاسا  گوتی: بەغدا دەست بۆ ھەموو شتێک دەبات بۆ سزادانی خەڵکی کوردستان، وێڕای ئەمەش ئەگەر بەغداش ھەر نەھاتە ژێر بار؛ ئەوە کورد دەتوانێت لە دادگای ئیتحادی ئەم بابەتە یەکلا بکاتەوە.

ئەوەی تێبینی دەکرێت لێدوانی دژ بەیەک لە بەغدا سەبارەت بە ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان دەبینرێت، بەرپرسانی حکومی نایشارنەوە ھەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی لە رەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجە پشکی ئەو دیاری بکرێت، بەڵام بارودۆخە سیاسییەکەی عێراق وا دەکات رێگری لە بەدەستھێنانی ئەو مافە یاسایی و دەستورییەی ھەرێمی کوردستان بکرێت.