ورده‌كاری سه‌ردانی شاندی هه‌رێم بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

حه‌لبووسی: چارەسەر خۆی لە پابەندبوونی هەر دوو حکومەتی هەرێم و بەغدا بە دەقی یاساکان دەبینێتەوە.
دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌
دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌

K24 – هه‌ولێر:

لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ئێوارەی ئەمڕۆ (16 كانونی یەكەمی 2020) وەفدی باڵای حکومەتی هەرێم، سەردانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، هەردوو جێگرەکەی، وسە‌رۆكی لیژنە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان، لە هۆڵی دەستوریی ئه‌نجوومه‌نی نوێنەران کۆبوونەوەیەكیان ئە‌نجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ناوەڕۆکی دانووستانەکانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵی روونکردەوە و رایگەیاند، "حکومەتی هەرێم پابەندە بە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و ئامادەیە ئەرکەکانی خۆی بەپێی یاساکە جێبەجێ بکات، لە بەرامبەریشدا داوای كرد ئه‌نجوومه‌نی نوێنە‌ران ھاوكار بێت بۆ جێبە‌جێ كردنی یاساكە‌ و دابینكردنی ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان".

لە دوای وتەکانی جێگری سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی وەزیرانی هەرێم، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەبارەی دانووستانەکانی هەرێم و بە‌غدا پێشكەش كرد و لەمبارەیەوە گفتوگۆ و بیروڕا ئاڵوگۆڕكران.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنەران، رایگەیاند: پەرلەمان پشتیوانی لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات، ئەو چارەسەرەش خۆی لە پابەندبوونی هەر دوو حکومەتی هەرێم و بەغدا بە دەقی یاساکان دەبینێتەوە.