پەکەکە رێگایەکی سنووری سیدەکان بۆمبڕێژ دەکات

تیمەکانی دەزگای مین بۆمبەکە پوچەڵ دەکەنەوە
دیمەنێكی ئەو پردەی بۆمبڕێژكراوە
دیمەنێكی ئەو پردەی بۆمبڕێژكراوە

K24 - سۆران

تیمەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە سنووری سیدەکان زانیاریان لەبارەی بۆمبڕێژکردنی رێگایەکی سەرەکی سیدەكان پێگەیشتووە، کە ئەو رێگایە لە نزیك گوندێكە و خەڵكی سڤیل لە سنووری ناحیەی سیدەکانی سەر بە قەزای سۆران پێیدا تێپەڕ دەبن. تیمەکانی تایبەت، سەرقاڵی پوچەڵکردنەوەی بۆمبەکەن و ئاسایشی ناوچەکەش پەکەکە بە دانانی ئەو بۆمبانە تۆمەتبار دەکات.

جەمال ئیسقێلی، بەرپرسی بنكەی ئاسایشی دەشتی ھێرت لە سنووری ناحیەی سیدەكان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو بۆمبانەی دانراونەتەوە دوو بۆمبن و ھەر یەكەیان زیاتر لە 10 كیلۆ (تی ئێن تی) تێكراوە، بە وایەر بەستراونەتەوە، ئەوە جاری یەكەم نییە ئەو جۆرە بۆمبانە لە سنوورەكە دادەنرێنەوە، چەندین جار لەلایەن ھاووڵاتییان ئاگادار كراینەوە و بۆمبەكان پوچەڵ كراونەتەوە".

گوتیشی: "دەزگای مین لە بوونی ئەو بۆمبانە ئاگادار كراونەتەوە و تیمەكانیان ھاتوونەتە ناوچەكە، بۆ ئەوەی ئەو بۆمبانە پوچەڵ بكەنەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "جگە لە پەكەكە، ھیچ كەس و لایەنێكی دیكە ناتوانێت لەو شوێنە ئەو كارە بكات، ئەم شوێنە نزیكە لە گوند و رێگای سەرەكی گوندنشینانە، بۆیە مەترسی ھەیە بۆ سەر گیانی خەڵك".