پوتن: ئەو ململانێیەی قەرەباخ چەندین ساڵە ماوەتەوە و ھیچ پەیوەندی بە دەستوەردانی دەرەكییەوە نییە

پوتن: بەپێی یاسای نێودەوڵەتی قەرەباخ ئازەربایجانییە، تەنانەت ئەرمینیاش دانی بە سەربەخۆیی ناوچەكە نەناوە
سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن
سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن

K24 – ھەولێر:

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی رووسیا لە میانی كۆنگرەیەكی ساڵانەی رۆژنامەوانی بەرفراوانیدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، باسی رەوشی ئێستای قەرەباخی كرد.

پوتن گوتی: ئەو ململانێیە ئێستا لە پڕێكا نەبوو، بەڵكو چەندین ساڵە ئەم گرژییە ماوەتەوە. ئەمەش ھیچ پەیوەندی بە دەستوەردانی دەرەكییەوە نییە.

كاتێك باسی ھەڵوێستی توركیای كرد، پوتن گوتی: توركەكان وەك بڕوایان وابوو، بەرگرییان لە پرسی رەوای ئازەربایجانییەكان كرد لەوەی پەیوەستە بە گەڕاندنەوەی خاكی داگیركراو. بەپێی یاسای نێودەوڵەتی قەرەباخ ئازەربایجانیە، تەنانەت ئەرمینیاش دانی بە سەربەخۆیی ناوچەكە نەناوە.

پوتن ئاماژەیكرد، ھەردوو لا راستی تایبەتی خۆیان ھەیە. لە كاتی خۆیدا ئەرمەنییەكان چەكیان ھەڵگرت بۆ پاراستنی ژیان و كەرامەتی خۆیان.

سەرۆكی رووسیا روونیكردەوە، لە چوارچێوەی رێككەوتنی سێ لایەنە، شەڕ راگیرا و ھەردوو لایەن لەو شوێنەی ئێستایاندا ماونەتەوە. جەختیشیكردەوە لەوەی ئەركی سەرەكی ئەوە بوو ھەردوو لا كوشتنی خەڵك راگرن، گوتیشی: "ئەمە گرنگترین ئەرك بوو كە چارەسەرمان كرد".

پوتن راشیگەیاند، كەم پێشێلكردنی ئاگربەست كراوە و ئومێدی خواست رەوشەكە بەو شێوەیە بمێنێتەوە.

گوتیشی: مۆسكۆ ئۆمێد دەخوازێت ناوەندگیری نێودەوڵەتی قسەكانیان بكەن بەكردەوە و رووسیا تاكە لایەن نەبێت كاروانەكانی مرۆڤایەتی رەوانەی ئەوێ بكات.