چاویش ئۆغلۆ: وێڕای سزاكان توركیا لە كڕینی "ئێس 400" پاشگەز نابێتەوە

توركیا مەرجی بۆ ئەمەریكا ھەیە لە سیاسەتی سووریا!
چاویش ئۆغلو، وەزیری دەروەی توركیا
چاویش ئۆغلو، وەزیری دەروەی توركیا

K24 – ھەولێر:

وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولوود چاویش ئۆغلۆ رایگەیاند، سەپاندنی سزاكان بەسەر ئەنقەرەدا لە لایەن واشنتنەوە، بڕیارێكی ھەڵەیە لە رووی سیاسی و یاساییەوە و دەستدرێژیكردنە بۆ سەر سەروەری توركیا و ھەرگیز چارەسەری كێشەكان بەڕێگای سەپاندنی سزاكان ناكرێت.

وەزیری دەرەوەی توركیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی24ی توركی گوتی: وێڕای سەپاندنی سزاكان، وڵاتەكەی لە بەدەستھێنانی سیستەمی مووشەكی "ئێس 400"ی رووسیایی پاشگەز نابێتەوە و دوای ھەڵسەنگاندی سزا سەپێنراوەكانی ئەمەریكا ھەنگاوی ھاوشێوە دەگرێتەبەر.

ئاماژەشیكرد، دەكرێت پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمەریكا بگەڕێتەوە سرووشتی خۆی، ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكان خواستەكانی توركیا سەبارەت بە سیاسەتی سووریا جێبەجێبكات.

دووشەممەی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا سزاكانی بەسەر توركیادا سەپاند و ئەو سزایانە بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازییە بەرگرییەكانی توركیا و سەرۆكەی گرتەوە، بەپێی ماددەی 231 لە "یاسای قەڵاچۆكردنی نەیارانی ئەمەریكا(CAATSA) " بەھۆی كڕینی سیستەمی بەرگری مووشەكی ئاسمانی "ئێس 400" رووسیایی لە لایەن توركیاوە.

سەرچاوە: "رۆیتەرز"