ئەردۆغان: تا سەری تیرۆر بەتەواوی تێکنەشکێندرێت؛ ناوچه‌كه ئارامی به‌خۆیه‌وه‌ نابینێت

"په‌كه‌كه‌ لە داهاتووی تورکیا و عێراق و سووریا، شوێنی نابێته‌وه‌"
"ئه‌ردۆغان"، سه‌رۆكی توركیا، له‌گه‌ڵ "كازمی"، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌ كۆنگریه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا
"ئه‌ردۆغان"، سه‌رۆكی توركیا، له‌گه‌ڵ "كازمی"، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌ كۆنگریه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا

K24 - هه‌ولێر:

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ "مسته‌فا كازمی"، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقدا، رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی پشتیوانی دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه و یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق ده‌كات.

ئه‌ردۆغان گوتی: "تورکیا گرنگی بە پاراستنی یەکچارچه‌یی خاکی عێراق و قەوارە سیاسییەکەی دەدات، ئامادەین هەموو شێوازەکانی پشتیوانی بۆ پرۆسەی دووباره‌ ئاوەدانکردنەوەی ئه‌و وڵاته‌ دابین بکه‌ین".

گوتیشی: "هەموو گەلی عێراق بە برا دەزانین، بەبێ رەچاوکردنی مەزهەب و نەتەوە، دەکرێت بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بۆ (20) ملیار دۆلار به‌رزبكه‌ینه‌وه‌، لە ساڵێکدا".

روونیشیكرده‌وه‌، "لەگەڵ چاککردنەوەی ئەو بۆرییەی کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەناوی بردووە، دەمانەوێت بە بڕی زیاتر نەوتی کەرکووك بۆ بازاڕەکانی جیهان هه‌نارده‌ بکەین".

ئه‌ردۆغان ئاماژه‌یكرد، "پێویسته‌ بابه‌تی ئاو بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ هاوكاری، نه‌وه‌ك گرژی نێوان هه‌ردوولا".

ئەردۆغان گوتیشی: "تا سەری تیرۆر بەتەواوی تێکنەشکێندرێت؛ ناوچه‌كه ئارامی به‌خۆیه‌وه‌ نابینێت، پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه‌"، لە داهاتووی تورکیا و عێراق و سووریا، شوێنی نابێته‌وه‌".

ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی كرد، به‌نیازه‌ له‌ نزیكترین كاتدا، به‌مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ستراتیژی توركی- عێراقی، سه‌ردانی عێراق بكات".

هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌دا، "مسته‌فا كازمی"، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گوتی: "كۆمپانیا توركییه‌كان، رۆڵی گرنگیان له‌ وه‌به‌رهێنانی عێراق بینیوه‌".

كازمی جه‌ختی كرده‌وه‌، " له‌خاكی عێراقدا، رێگه‌ به‌ هیچ هێرشێك نادرێت، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ توركیا بكات".

كازمی ئاماژه‌یكرد، "ده‌مانه‌وێت ئابووری هاوبه‌شی نێوانمان به‌ره‌وپێش ببه‌ین، له‌گه‌ڵ توركیا رێككه‌وتنمان كردووه‌، رێگه‌ له‌ قاچاغی و دووجار باج وه‌رگرتن بگرین".

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ، RT

د.ی