ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی (2030)دا دەگاتە (53) ملیۆن کەس
K24 - ههولێر:
وەزارەتی پلاندانانی عێراق پێشبینی دەکات، ژمارەی دانیشتووان تا ساڵی (2030)، بگاتە (53) ملیۆن و (297) هەزار کەس.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، دیارترین ئەو ئاستەنگانەی لە قۆناغی داهاتوودا رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە، زیادبوونی رێژەی گەشەی دانیشتووانە، هۆکارەکەشی بۆ زۆری وەچەخستنەوە و بەردەوامی ناکۆکی ئابووری کۆمەڵایەتی نێوان پارێزگاکان دەگەڕێنێتەوە.
هینداوی گوتی: "دیارترین ئەو ئامانجانەی، کە پێویستە بەدیبهێنرێت، گرتنەبەری رێوشوێنی سیاسی دانیشتووانە، کە پرۆگرامی رێکخستنی خێزان بەکاربهێنرێن، بە ئاراستەی رۆشنبیرکردنی کۆمەڵگه و رێکخستنی ژمارەی لەدایکبوون کاربکرێت، به سوود وەرگرتن لە پرۆگرامەکانی رۆشنبیرکردن، ههروهها، دانانی ستانداردێك بۆ دیاریکردن و گۆڕینی بەشێک لە گوندەکان بۆ شارەدێ، گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو گوندانەی بێبەشن لە خزمەتگوزاری".
د.ی