ناكۆكییە بازرگانییەكانی ئوستراڵیا و چین پەرەدەسێنن

ئوستراڵیا دژی چین سكاڵا لە رێكخراوی بازرگانی جھانی تۆماردەكات
سیمۆن برمنگھام، وەزیری بازرگانی ئوستراڵیا
سیمۆن برمنگھام، وەزیری بازرگانی ئوستراڵیا

K24 - هه‌ولێر:

بەھۆی زیادكردن باج  لەسەر بەرھەمەكانی، لایەن چینەوە، ئوسترالیا سكاڵا لە رێكخراوی بازرگانی جیھان تۆماردەكات و دەیەوێت لە رێگەی یاسا و رێساكانی بازرگانی جیھانی، چارەسەركردنی كێشەكانیان بكرێت، چینیش رایگەیاندووە، پێویستە پێش ھەموو شتێك ئوسترالیا ھەڵەكانی راست بكاتەوە ئینجا ئەو جۆرە داوایانە بكات.

نزیكەی حەوت مانگە چین بەرێژەی (80%) باجی لەسەر دانەوێڵەی ئوسترالیا زیادكردووە، كەرتی كشتوكاڵ و جوتیارانی ئوسترالیا لەو ماوەیەدا زیانی زۆریان بەركەوتووە، چونكە چین گەورەترین ھاوردەكاری بەرھەمی دانەوێڵە، لەوماوەیەدا دانوستاندن لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا سوودی نەبووه‌، بۆ چارەسەكردنی ئەو كێشەیەش ئوسترالیا سكاڵای لە رێكخراوی بازرگانی جیھانی تۆماركردووە.

سیمۆن برمنگھام، وەزیری بازرگانی ئوستراڵیا گوتی: "بە فەرمی سكاڵامان ئاراستەی رێكخراوی بازرگانی جیھانی دەكەین، ھەموو رێكارێك و گفتوگۆیەكمان وه‌ك لایەنی ئوسترالیا لەبارەی كێشە بازرگانییەكان گرتووەتەبەر، بەڵام سوودی نەبووه‌، بەڵام ئەم ھەنگاوە باشترینە بۆ ئەوەی لە رێگەی یاساوە داوای مافەكانمان بكەینەوە، ئێمە رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەكان دەگرین، بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەكانمان بكەن و كۆتایی بەو گرژییانە بھێنین".

دروستبوونی ئەو ناكۆیانە، لەو كاتەوە سەریھەڵدا، كە حكومەتی ئوستراڵیا رێگری لە كۆمپانیای ھواوی كرد،‌ نەوەی پێنجەم لە وڵاتەكەی بەكاربھێنێت، پشتیوانی ئەمریكای كرد، تا لێكۆڵینەوە لەگەڵ چین بكەن لەبارەی دروستبوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەو بڕیارانەش چینی ناچار كرد، لە رێگەی زیادكردنی باج سزای ئوسترالیا بدات.

وانگ وینبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگه‌یاند، ئەو رووداوانەی لەبواری بازرگانی لە نێوان چین و ئورسترالیادا سەریھەڵداوە، پێشتر روونكردنەوەمان دابوو، بەڵام لەبارەی ئورسترالیا كە سكاڵای دژی ئێمە لە رێكخراوی بازرگانی جیھانی تۆماركردوە، لەسه‌ر زیادكردنی باجی دانەوێڵە، دەكرێت حكومەتی چین چاوخشاندنەوەی بۆ بكات، ھەروەھا پێویستە دەسەڵاتدارانی ئوسترالیاش ھەڵەكانیان راست بكەنەوە بەرامبەر بە چین".

چین بە گەورەترین ھاوبەشی بازرگانی ئوسترالیا ھەژمار دەكرێت، لەماوەی ساڵانی (2018) و (2019)، (26%)ی كۆی ھەناردەكانی ئوسترالیای پێكھێناوە، كە بریتیبوون لە ھاوردەكردن بەرھەمەكانی دانەوێڵە و گۆشتی ئاژەڵ و خەڵوز، نزیكەی (235) ملیار دۆلار ده‌بێت.

د.ی