ئێران داوای بەڕێوبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی رەتدەكاتەوە

زۆر پێشێلكاری لە لایەن تارانەوە ئەنجامدراون و گەڕانەوە بۆ پێشوو ناكرێت
حەسەن رۆحانی، سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران
حەسەن رۆحانی، سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران

K24 – ھەولێر:

باڵیۆزی ئێران لە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، ئەمڕۆ ھەینی، قسەكانی بەڕێوبەری ئاژانسەكەی رەتكردەوە، كە گوتبووی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێرانی دوای گەیشتنی ئیدارەی نوێی ئەمەریكا بە دەسەڵات پێویستیی بە رێككەوتنێكی نوێ ھەیە.

رۆژنامەی "الشرق الاوسط" لە زاری سەرۆكی رێكخراوەكە، "رافاییل گروسی"ی بڵاویكردووتەوە، زۆر پێشێلكاری لە لایەن تارانەوە ئەنجامدراون، بەشێوەیەك كە بە بەدەستبەكاربوونی سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا، جۆ بایدن لە مانگی داھاتوودا، گەڕانەوە بۆ رەوشی پێشووی رێككەوتنەكە ناكرێت.

پێشتر بایدن رایگەیاندبوو، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنەكە "ئەگەر ئێران بەتەواوی پابەندی بێت" بە مەرجەكانی رێككەوتنەكە.

دوای كشانەوەی سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 لە رێككەوتنەكە و سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێراندا، تاران وەڵامی ئەمەریكای بەچەندی پێشێلكاریكردن لەو رێككەوتنە دایەوە.

كازم غەریب، باڵیۆزی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ڤییەنا، لەسەر تویتەر نووسیی: "خستنەڕووی ھەر ھەڵسەنگاندنێك لەسەر شێوازی جێبەجێكردنی پابەندییەكان لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئاژانسەكەیە و دەبێت خۆی لێ بەدوور بخات. ئاژانس رۆڵی خۆی بینی لە میانی دانوستانەكاندا سەبارەت بە رێككەوتنی ئەتۆمی".