توركیا بارەگاكانی پاسەوانی سنووری عێراق تۆپباران دەكات

دەوروبەری گوندەكانی ئەو سنوورە كەوتوونەتە بەر بۆردومان

K24 - زاخۆ

تۆپخانەكانی سوپای توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی زاخۆ، ھێزەكانی پاسەوانی عێراق بۆردومان دەكەن.

پەیامنێری كوردستان24 لە زاخۆ رایگەیاند: "درەنگانی شەوی رابردوو سوپای توركیا، بنكەكانی فەوجی 2ی پاسەوانی سنووری عێراقیان لە نزیك گوندی كەشان لە سنووری ناحیەی باتیفا تۆپباران كرد.

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان، نزیكەی 31 گولـلە تۆپ لە نزیك گوندی كەشان و 15 گولـلە تۆپی دیكە لە دەوروبەری كۆمەڵگەی بیكۆڤا بەر زەوی كەوتوون.

بەھۆی بوونی بنكەكانی پەكەكە، سوپای توركیا بەردەوام ناوچە سنوورییەكان بۆردومان دەكات، بەوھۆیەشەوە چەند جارێك بارەگا ھێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراق كەوتوونەتە بەر بۆردومان و زیانی گیانیشی لێكەوتووەتەوە.

بۆردومان كردنی بارەگاكانی پاسەوانی سنووری عێراق لەلایەن تۆپخانەكانی توركیا، لە كاتێكدایە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆژی پێنجشەممە 17/12/2020 بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە توركیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا چەند پرسێكی تایبەت بە پەیوەندییەكانی ھەردوولایان تاوتوێكرد.