سەرۆکی بەرازیل: ڤاکسینی کۆرۆنا دەتانکاتە تیمساح

دەڵێ "من پێشتر تووشی پەتای کۆرۆنا بووم و خۆم ناکوتم"
جایر بۆلسۆنارۆ، سەرۆکی بەرازیل
جایر بۆلسۆنارۆ، سەرۆکی بەرازیل

K24 - هەولێر

سەرۆکی بەرازیل هێرشدەکاتە سەر ڤاکسینەکانی دژی کۆرۆنا و دەڵێ، ئەو ڤاکسینەی لەلایەن کۆمپانیاکانی فایزەر و بایۆنتیک بەرهەمهێنراوە، لەوانەیە خەڵک بکاتە تیمساح، یان وابکات ژنان ریشیان بێت.

لەوەتەی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019ـەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا سەریهەڵداوە و ئەمساڵ جیهانی گرفتار کردووە، جایر بۆلسۆنارۆ، سەرۆکی بەرازیل هەمیشە گومانی لەو پەتا جیهانییە هەبووە، سەرەتا دەیگوت "پەتایەکی سووکە".

سەرۆکی بەرازیل جەخت دەکاتەوە لەوەی خۆی لەدژی پەتاکە ناکوتێت، تەنانەت کاتێک وڵاتەکەی دەست بە هەڵمەتی کوتانی گشتیش دەکات لەدژی ڤایرۆسەکە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بۆلسۆنارۆ گوتی "گرێبەستەکەی فایزەر زۆر روونە، دەڵێ: ئێمە بەرپرس نین لە هیچ کاردانەوەیەکی لاوەکی؛ ئەگەر بشتکاتە تیمساح، ئەوە کێشەی خۆتە".

ئەو ڤاکسینەی سەرۆکی بەرازیل توانجی لێدەدات، لە کاتی قۆناغەکانی تاقیکردنەوەیدا چەندین هەفتە لە بەرازیل بەکارهاتووە، ئێستاش لە هەڵمەتی فراواندا لە ئەمەریکا و بەریتانیا بەکاردێت.

بۆلسۆنارۆ دەڵێ، "ڤاکسینی کۆرۆنا بێبەرامبەر دەبێت، بەڵام بەزۆر نییە"، ئەمەش لەکاتێکدا دادگای باڵا بڕیاریداوە هەمووان ڤاکسینی دژی کۆرۆنایان لێبدرێت، بەڵام دەڵێ "کەسیش بەزۆر ناچار ناکرێت".

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە بەرازیل، کە ژمارەی دانیشتووانی 212 ملیۆن کەسە، تائێستا 7.1 ملیۆنیان تووشی پەتای کۆرۆنا بوون، نزیکەی 185 هەزاریشیان بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

سەرۆکی بەرازیل هەروەها دەڵێ "هەندێک کەس دەڵێن من نموونەیەکی خراپم، بەڵام من بەو گەمژانە دەڵێم؛ پێشتر تووشی کۆرۆنا بووم، واتا دژەتەنم پەیدا کردووە، کەواتە بۆچی خۆم بکوتم؟".

بۆلسۆنارۆ لە مانگی تەممووز تووشی پەتای کۆرۆنا بوو، لە ماوەی سێ هەفتەدا چاکبووەوە.