پشكنینی ژنان بەڕووتی لە لایەن پیاوانی ئەمنی توركیا مشتومڕ دەنێتەوە

سەرۆكی فراكسیۆنی ھەدەپە، میرال دانیش باشتاش
سەرۆكی فراكسیۆنی ھەدەپە، میرال دانیش باشتاش

K24 – ھەولێر:

پارتی دیموكراتی گه‌لان (ھەدەپە) داوای لە په‌رله‌مانتاری سەر بە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، ئۆزلام زنجین كرد، داوای لێبوردن بكات لە رەتكردنەوەی رووداوەكانی "پشكنینی ژنان بە رووتی" لە زیندانەكانی وڵاتدا.

پەرلەمانتاری توركیا، عومەت فاروق گەرگەرلی ئۆغلو، رەخنەی لە دەسەڵاتداران گرتبوو بۆ نەگرتنەبەری ھیچ رێوشوێنێك دژ بەو بەرپرسانەی پێشێلێكاری له‌ناو زیندان و گرتووخانه‌كاندا ده‌كه‌ن. ئاماژەشیكردبوو، بەوەی 30 ئافرەتی تورك دەستدرێژی ئابڕووبەرانەیان كراوەتە سەر لە میانی ناچاركردنیان بە پشكنینیان بەڕووتی و بەبێ جلوبه‌رگ لە بارەگای پۆلیسی ئۆشاق، بەبێ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەگەڵ كەسانی تێوەگڵاو بكرێت و سزا بدرێن.

لای خۆیەوە ئافرەتە پەرلەمانتاری حزبی دەسەڵاتدار گوتی: ئەو بڕوا ناكات حاڵه‌تی پشكنین بەرووتی لە زیندانەكان روویدابێت. جەختیكردەوە لەوەی گەرگەرلی ئۆغلو دەیەوێت پەرلەمان بترسێنێت.

ئەو لێدوانه‌ی زنجین  توڕەیی هه‌ده‌په‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا و سەرۆكی فراكسیۆنی ئەو پارتە، میرال دانیش باشتاش داوای لە زنجین كرد، داوای لێبوردن لە گەرگەرلی ئۆغلو بكات. باشتاش لێدوانەكانی زنجینی بە زۆر دوور لە راستیی و بێ بنەمای وەسفكرد.

باشتاش ئاماژەی بە رووداوەكانی پشكنین بەڕووتی لە زیندانەكانی توركیا كرد وەك: مانیسا، ئەلازیغ، سینجان، بەكر كوی و چەند نموونەیەكی دیكه‌ كه‌ لە راپۆرتە فەرمییەكاندا ئاماژه‌یان پێدرابوو.

پۆلیسی توركیا، لە 31 ئابی رابردوو، ھەڵمەتێكی ئەمنیی لە 12 شار ئەنجامدا، كە ناوەندەكەی شاری "ئوشاق" بوو، له‌و هه‌ڵمه‌تانه‌دا 26 قوتابییان دەستگیركرد، كە زۆربەیان قوتابیی كۆلیژی پزیشكی بوون. خێزانەكانیان گوتیان: بۆ ماوەی 5 رۆژ لە نێو بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی شاری ئوشاق لە رۆژھەڵاتی وڵات، مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا كراوە.

دوای رەتكردنەوەی رووداوەكانی "پشكنینی ژنان بەڕووتی" لە بنكە ئەمنییه‌كان و زیندانەكان لە لایەن ئەو پەرلەمانتارەی حزبی دەسەڵاتدار، بە سەدان لە قوربانییانی ئەو رەفتارانەی ئەمنی توركیا ڤیدیۆیان لە سەر پێگە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردەوە و باسی ئەو رەفتارە نابەجێ و ناشرینانەیان كرد، كە له‌لایه‌ن پیاوانی ئەمنییه‌وه‌ به‌رامبه‌ریان كراوه‌.

یەكێك لەوانە، مامۆستا توبا ئۆزدەمیر نووسیویەتی: تووشی داڕمانی دەروونی بووم، كاتێك دوایان لێكردم تەواوی جلەكانم داكەنم. ئەمە خراپترین رۆژ بوو لە ژیانمدا".

سەرچاوە: رۆژنامەی "زمانی توركی"