بڕیارهكانی وهزارهتی دارایی عێراق ناڕهزایهتی لێدهكهوێتهوه
K24 – ھەولێر:
له بارهی ههنگاوهكانی وهزارهتی دارایی عێراق له بودجهی 2021، به نزمكردنهوهی بههای دینار و كهمكردنهوهی دهرماڵهكان، فراكسیۆنهكان له پهرلهمانی عێراق بۆچوونی جیاوازیان ههیه و دهنگی ناڕهزایهتییان لێ بهرزبووهتهوه و دهڵێن: تەواوی گۆڕانکاریەکانی پڕۆژە یاساکە رەتدەکەنەوە.
دواجار پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021، عێراق دەخاتە دۆخێکی ئابووری نۆێوە. دۆخێك کە گرانی بازاڕ و شتومەك بە دوای خۆیدا دەھێنێت. وەزیری دارایی عێراق ئاشکرایكرد، بەھای دیناریان لە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی دابهزاندووە، بە جۆرێك 147 ھەزار دینار بەرامبەر دەبێت بە 100 دۆلار. ھاوکات ھەموو دامەزراندێك لە پرۆژە بوودجەی ساڵی 2021 راگیراوە، ئەمە جیا لەوەی دەنگۆی کەمکردنەوەی دەرماڵەی مووچەی فەرمانبەران و گرانکردنی نرخی بەنزین ھەیە. نرخی یەک لیتر دەگاتە 540 دینار، کوتلە جیاوازەکانی نێو پەرلەمان ھەر زوو دەنگی ناڕەزایەتیان لێ بەرزبوویەوە، تەواوی گۆڕانکاریەکانی پڕۆژەیاساکە بێ ئەوەی گەشتبێتە پەرلەمان رەتی دەکەنەوە.
رەوتی حیکمە لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفراسێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "مووچەی فەرمانبەران ھێڵی سوورە و بە ھەموو شێوەیەك رەتی دەکەینەوە دەستکاری بکرێت. ئەو بڕگانەی باس لە بەرزکردنەوەی بەھای دۆلار و زیادکردنی باج دەکهن، لای ئێمە وەك رەوتی حیکمە ھەڵوێستمان رەتکردنەوەیە. بەشێوەیەکی گشتی رێگا نادەین دەستکاری دەرماڵەی مووچەی فەرمابەرانیش بکرێت.
قەیرانی دارایی لە عێراق لە ھەڵکشانی بەردەوامە و بەشێك لە پەرلەمانتاران ھۆشداری دەدەن؛ ئهگەر بە خێرایی چاکسازیی دارایی نەکرێت، ئەوا نهختینه لە نێو بانکی ناوەندی بۆ مانگی ئاداری 2021 لە سفر نزیك دەبێتەوە.
سادق سڵێتی پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی سائیرون گوتی: " ئەگەر گەیشتینە بەردەم ئەو دوو بژاردەیە، کە بەھای دینار لە بازاڕەکانی دراو دابەزێت و نرخی دۆلار بەو جۆرە گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ئەوا کاریگەری خراپی لە سەر ھاووڵاتیان ھەیە. ھەروەھا کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانیش بە ھەمان شێوە. بۆیە ئێمە دەڵێن: لە قورسترین حاڵەتدا یەکێك لەو رێکارانە بگرنەبەر، نەك بەو شێوە خێراییە، کە ھاووڵاتیان توشی شۆك بکەیت و زیانیان بەربکەوێت. من پێم وایە ئەمە زیان تەنھا بە ھاووڵاتی ئاسایی و ھاووڵاتیانی ھەژار دەگەیەنێت.
لە بارەی پشکی ھەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە، لەگەڵ شاندی حکومەتی ھەرێم رێکكەوتوون بۆ پڕۆژە بودجەی 2021، کە بە پێی یاسای کارگێڕی دارایی، نیوەی داھاتە نەوتی و نانەوتییەکان رادەستی حکومەتی عێراق دەکەن. ھەروەھا درێژە بە گفتوگۆکانیان دەدەن لەگەڵ شاندەکە لە بارەی پشکی ھەرێم لە پڕۆژەیاسای قەرزی 3 ساڵی داھاتوو.