تهعریبكردنهوهی ناوچه كوردستانییهكان بەردەوامە
K24 – ھەولێر:
چەند رۆژێكە عەرەبە هاوردەكان بە پاڵپشتی حەشدی شەعبی چوونەتە ناو گوندی "پەلكانە"ی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە سنووری قەزای دووبز و تا ئێستاش لەناو چەند خانوویەكی هاووڵاتییانی گوندەكە ماونەتەوە.
لە دوای ئەوەی لیژنەیەك لە پەرلەمانی عێراق پێکھات بۆ راگرتنی هێنانی عەرەبی ھاوردە، دواجار ئەو ھەڵمەت و تەعریبە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان بە تایبەت پەلکانە و سەرگەرانيش راگیرا.
محمد ئهمین فارس، پهرلهمانتاری عێراق و ئەندامى ئەو لیژنەیەی كاریان بۆ راگرتنی تەعریبی ئەو ناوچانە كرد، گوتی: چارەسەر راگرتن نیە و پێویستە مادەی 140 جێبەجێبکرێت. تا ئەو ماددە دەستورییە جێبەجێنەکرێت بارودۆخەکە سەقامگیر نابێت.
جوان رۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: سياسەتى تەعریبكردنى پەلکانە و سەرگەڕان ئێستاش بەردەوامە؛ بەڵام راگرتنی ئەم تەعریبە چارەسەری بارودۆخەکە ناکات، بۆیە ھەموو لایەنەکان پێویستە ھەوڵی ئەوە بدەن مادەی 140 جێبەجێبکرێت.
ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە عەرەبە هاوردەكان هەر جارە و هەڵدەكوتنە سەر گوندێكی سنووری ناحیەی سەرگەڕان، بەڵام ئەو عەرەبانە زیاتر بە چاوی تەماحەوە هەڵدەكوتنە سەر گوندی پەلكانە، بەهۆی ئەوەی خاكێكی زۆری كشتوكاڵی هەیە و پاش ئەوش دەیانەوێت زەوی و زاری گوندەكانی دیكەش داگیر بكەن و تا ئێستاش كێشەكە بەردەوامە، بەشێك لە عەرەبە هاوردەكان هێشتا لەناو گوندی پەلكانە ماونەتەوە و پێداگری لەسەر مانەوەیان دەكەن.