دژه‌ تیرۆری عێراق ئاماری ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش لە ساڵی (2020) راگه‌یاند

نزیكه‌ی (500) چه‌كداری "داعش" كه‌وتوونه‌ته‌ بۆسه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دژه‌تیرۆر
ده‌ستگیركردنی چه‌كدارانی داعش
ده‌ستگیركردنی چه‌كدارانی داعش

K24 - هه‌ولێر:

ده‌زگای دژه‌تیرۆری عێراق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (19ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020) له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، (253) ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی دژی رێكخراوی "داعش" له‌ ساڵی (2020)دا ئه‌نجام داوه‌، تێیدا نزیكه‌ی (500) چه‌كداری "داعش" كه‌وتوونه‌ته‌ بۆسه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان.

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌، "به‌ پشتیوانی هێرشی ئاسمانی عێراق و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، ده‌زگای دژه‌تیرۆر توانیویه‌تی (292) چه‌كداری داعش ده‌ستگیر بكات و (206) كه‌سیان لێبكوژێت".

به‌یاننامه‌كه‌ روونیشیكرده‌وه‌، "یه‌كه‌ی ئه‌منی ئه‌لیكترۆنی سه‌ر به‌ ده‌زگای دژه‌تیرۆر، سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ چاودێریكردنی (26) هه‌زار و (280) ئه‌ژماری گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا".

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ كراوه‌، "ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دژه‌تیرۆر،‌ ئامانجی درووستكردنی ژینگه‌یه‌كی ئارام و سه‌قامگیره‌ بۆ هاووڵاتیانی عێراق، كه‌ گرووپه‌كانی تیرۆریستی له‌ رێگه‌ی هێرشی ئه‌لیكترۆنی و بڵاوكردنه‌وه‌ی رق و توندڕه‌وی، پشێوی درووست ده‌كه‌ن".

سه‌رچاوه‌: RT

د.ی