نەوەیەکی نوێی کۆرۆنا سەرهەڵدەدات؛ ئەوەش راستییەکەیەتی، بێ کەم و زیاد

زاناکان دەڵێن ئەمە یەکەمجار نییە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەوەی نوێی لێ پەیدا دەبێت
نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا لە لەندەن و باشووری رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا بڵاوبووەتەوە، وێنە: AP
نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا لە لەندەن و باشووری رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا بڵاوبووەتەوە، وێنە: AP

K24 - هەولێر

شارەزایان پێیان وایە بڵاوبوونەوەی خێرای پەتای کۆرۆنا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا، بۆ نەوەیەکی نوێ و ترسناکتری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەڕێتەوە، بەڵام تائێستا چ زانیارییەکی لەبارەوە هەیە؟

سەرەتا، زاناکان دەڵێن ئەمە یەکەمجار نییە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەو ڤایرۆسەی لەدوای دەرکەوتنی لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووەوە جیهانی گۆڕی، گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و نەوەی نوێی لێ پەیدا دەبێت.

ئەو نەوەیە توانای بڵاوبوونەوەی زیاترە؟

بەپێی گوتەکانی بۆریس جۆنسۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ئەو ڤایرۆسەی رەنگە بەڕێژەی 70٪ توانای بڵاوبوونەوەی زیاتر بێت.

سکای نیوزی بەریتانی لە زاری پرۆفیسۆر کریس ویتی، بەرپرسی پزیشکانی ئینگلتەرا بڵاوی کردووەتەوە، ئەو نەوە نوێیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا 23 جیاوازیی هەیە.

ویتی هەروەها رایگەیاندووە، ئەوان رێکخراوی تەندروستیی جیهانییان لە بوونی نەوەیەکی نوێی کۆرۆنا بڵاوکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشدا، ئەو لە شیکارکردنی داتاکانی پەیوەندیدار بە گۆڕانە جیناتییەکانی ڤایرۆسەکە ورددەبێتەوە.

لە ڤایرۆسە ئاساییەکە زیاتر خەڵک دەکوژێت؟

بەپێی گوتەکانی ئەو پرۆفیسۆرە بەریتانییە "هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت ئەو نەوە نوێیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ببێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی مردن، یان کاریگەریی هەبێت لەسەر دەرمان و ڤاکسینەکان، بەڵام کاردەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەمانە".

ڤاکسین کاری تێدەکات؟

دەستەی "زانستەکانی جینیۆم"ـی بەریتانی دەڵێ زەحمەتە پێشبینی بکرێت هەر جۆرە گۆڕانێک لە بۆماوەیی، وەڵامدانەوەی دەبێت لەکاتێکدا یەکەمجار دەردەکەوێت، بەڵام ترسەکە لەوەدایە؛ گۆڕانەکە ببێتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی پەتاکە یان شکستهێنانی ڤاکسین لە بەرامبەریان.

پرۆفیسۆر ویتی باس لەوە دەکات، هەتاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت نەوە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاریگەریی لەسەر ڤاکسین یان چارەسەرییەکانی کۆرۆنا کردبێت.

فێدریکۆ جۆرجی، لێکۆڵەر لە زانکۆی پۆڵۆنیا دەڵێ، ئەو دەرمانانەی ئێستا پەرەیان پێدەدرێت لەدژی کۆرۆنا، لەوانەش ڤاکسین، رەنگە کاریگەرییان لەسەر هەموو جۆرە نەوەکانی ڤایرۆسە تاجییەکان هەبێت کە کۆرۆنا لەو جۆرە ڤایرۆسانەیە.

نەوەکانی کۆرۆنا چین؟

بەگشتی حەوت گرووپ یان نەوەی کۆڤید-19 هەن. سەرەکییەکەیان ئەوەبوو کە لە مانگی دیسەمبەری رابردوو لە وهانی چین دۆزرایەوە و زاناکان ناویان لێنا "نەوەی ئێڵ"، دواتر گۆڕانی بۆماوەیی تێیدا روویدا و بووە نەوەی "ئێس" لە سەرەتای 2020، ئەمەش پێش ئەوەی بگۆڕێت بۆ هەردوو نەوەی "ڤی" و "جی".

هەردوو نەوەی "ڤی" و "جی"ی کۆرۆنا لە ئەوروپا و ئەمەریکای باکوور دۆزرانەوە، لەوانیشەوە نەوەیەکی نوێ بەناوی "جی ئاڕ" و "جی ئێچ" و "جی ڤی" پەیدا بوون، بەڵام نەوەی "ئێڵ" بۆ ماوەیەکی زیاتر لە ئاسیا مایەوە، بەهۆی ئەوەی زۆربەی وڵاتانی ئەو کیشوەرە بۆ رێگرتن لە تەشەنەسەندنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، خێرا سنوورەکانیان داخستن.