ڤیزا لە نێوان عێراق و تورکیا ھەڵدەگیرێت

ڤیزای توركیا
ڤیزای توركیا

K24 - ھەولێر

بڕیارە لە مانگی داھاتوودا، کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لەنێوان ھەردوو شاندی عێراق و تورکیا ساز بکرێت و بڕیار لەسەر کاراکردنەوەی رێککەوتنی 2009 بدرێت کە تایبەت بە سەردانیکردنی گەشتیارانی عێراق و تورکیا بۆ وڵاتی یەکتر بەبێ ڤیزا.

حەسەن جەنابی باڵیۆزی عێراق لە تورکیا، رایگەیاند: "یەکێک لە رۆژەڤی سەردانەکەی شاندی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی بۆ ئەنقەرە، رێککەوتن بوو لە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی 2009 کە لە نێوان عێراق و تورکیا سەبارەت بە ھەڵگرتنی ڤیزا لەنێوان ھەردوو وڵات واژۆ کراوە کە لە ماوەکانی رابردوودا بەھۆی مەترسی ئەمنییەوە لە لایەن تورکیاوە ھەڵپەسێردرابوو".

ئاشكراشی كرد: "لە رۆژی 16ی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو، گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی 2009 تایبەت بە چوونی ھاووڵاتییانی عێراق بۆ تورکیا بەبێ ڤیزا، تاوتوێکرابوو، دواتر لە 17ی ئەم مانگە سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرۆك کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشەدا رایانگەیاندبوو کە لەسەر ئەو پرسە رێککەوتوون".

پەیوەست بەو پرسە عه‌لی ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆك، هاوكات ئه‌ندامی شاندی عێراق بۆ توركیا، بە كوردستان24ی گوت: "سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، داوای له‌ توركیا كرد، وه‌كو جارانی پێشوو، هاووڵاتیانی هه‌ردوو وڵات، به‌بێ ڤیزا، یان به‌ ڤیزای ئه‌لیكترۆنی هاتووچۆ بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی توركیا به‌ڵێنی دیراسه‌كرنی بابه‌ته‌كه‌ی دا".

باڵیۆزی توركیا لە عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە: "لە کانوونی دووەمی داھاتوودا، کۆبوونەوەیەکی یەکلاکراوە لەنێوان ھەردوو شاندی عێراق و تورکیا ساز دەکرێت، کە لە میانیدا بڕیار لەسەر کاراکردنەوەی رێککەوتنی 2009 دەدرێت کە تایبەت بە سەردانیکردنی گەشتیارانی عێراق و تورکیا بۆ وڵاتی یەکتر بەبێ ڤیزا".

سەرچاوە:aa