نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 گەیشتە 380 هەزار دینار

نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 گەیشتە 380 هەزار دینار
پێشبینی دەکرێت نرخی زێڕ بەرزتر ببێتەوە، وێنە: Reuters / Krishnendu Halder
پێشبینی دەکرێت نرخی زێڕ بەرزتر ببێتەوە، وێنە: Reuters / Krishnendu Halder

K24 - هەولێر

جێگیرکردنی بەهای دۆلاری ئەمەریکی بە 1450 دیناری عێراقی، بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستانی بەجارێک شڵەژاندووە، لەگەڵ شڵەژانی بازاڕیش بەهای زێڕ بەرزبووەتەوە و "گەیشتە بەرزترین ئاست لە مێژوودا".

هەرچەندە دوێنێ بانكی ناوه‌ندیی عێراق رایگەیاند "نزمكردنه‌وه‌ی به‌های دینار به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار، ته‌نیا بۆ یه‌كجاره‌ و دووباره‌ نابێته‌وه"‌، بەڵام ئەوەندە بەس بوو بۆ ئەوەی بەهای زێڕ زۆر بەرز ببێتەوە لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

نرخی زێڕ ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد

هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەمڕۆ بەهای یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 گەیشتە 380 هەزار دینار، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژوودا روودەدات".

لە ساڵانی رابردوودا و بەدیاریکراوی لە 2011 و 2012 بەهای زێڕ گەیشتە 330 هەزار دینار بۆ هەر مسقاڵێکی عەیار 21، ئەمە دوایین جار بوو ئەوەندە بەرزبێت بەگوتەی هەندرێن وەرتی و ئیدی جێگر بوو تاوەکو ئەمساڵ، بەهۆی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی بەرچاوی بەهای نەوت، زێڕ بەردەوام لە بەرز و نزمیدا بوو.

"دەگاتە 450 هەزار دینار"

بەپێی پێشبینیی ئەو شارەزایەی زێڕ و ئابووری، بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ لە هەرێمی کوردستان دوو هۆکاری لەپشتە: یەکێکیان هۆکارێکی جیهانی، ئەوەی دیکەش پەیوەندیدارە بە نزمکردنەوەی بەهای دینار.

هەندرێن وەرتی باس لەوە دەکات "ڤاکسینی کۆرۆنا نەبووە هۆی رەواندنەوەی خەمی بازرگانان، بۆیە زێڕ لە بۆرسەی جیهانیدا بەهای زیادی کردووە، ئەمە و جێگیرکردنی بەهای دۆلار لە عێراق بە زۆر زیاتر لە جاران. بەهای زێڕیان زۆر بەرزتر کردووەتەوە".

گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگران پێشبینی دەکات ئەگەر بەهای دۆلار لە عێراق بەمشێوەیە بەردەوام بێت و لە جیهانیش ئۆنسەی زێڕ بە بەرزی بمێنێتەوە "ئیدی پێشبینی دەکەم، مسقاڵی زێڕی عەیار 21 بگاتە 400 تاوەکو 450 هەزار دیناریش!".

رەخنە لە بانکی ناوەندی دەگیرێت، ئەویش هۆکاری هەنگاوەکانی رووندەکاتەوە 

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا دوێنێ (شەممە، 20-12-2020) بانكی ناوه‌ندی عێراقی به‌ تێروته‌سه‌لی باسی له‌و هه‌نگاوانه‌ كرد، كه‌ له‌پێناو پاراستنی دۆخی دارایی و ئابووری وڵات گیراونه‌ته‌به‌ر، ره‌خنه‌ش له‌ سیاسەتی دارایی و ئابووری عێراق له‌ 17 ساڵی رابردوو ده‌گرێت.

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی بانكی ناوه‌ندی عێراقی، په‌تای كۆرۆنا و نزمبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت كاریگه‌ری زۆر گه‌وره‌یان له‌سه‌ر زیادبوونی بڕی كورتهێنان له‌ بودجه‌دا هه‌بووە، بۆیه‌ وه‌زاره‌تی دارایی ناچار بوو له‌ بانكه‌كان قه‌رز بكات له‌پێناو پێدانی مووچه‌ و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه‌ به‌ هاووڵاتییان.

بانكی ناوه‌ندی عێراقی روونیشی كردووه‌ته‌وه‌؛ له‌ سۆنگه‌ی گۆڕانكارییه‌كان، بانكی ناوه‌ندی گۆڕانكاری له‌ نرخی دراو ده‌كات به‌م شێوه‌یه‌:

1450 دینار نرخی هه‌ر دۆلارێك ده‌بێت له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌

1460 دینار نرخی فرۆشتنی یه‌ك دۆلار ده‌بێت به‌ بانكه‌كان

1470 دینار نرخی هه‌ر دۆلارێك ده‌بێت به‌مه‌به‌ستی فرۆشتنی به‌ هاووڵاتییان