ڤیدیۆی بوورانەوەی پەرستارێک لەدوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا هەرادەنێتەوە

رۆیتەرز: ئەو قسانەی لەسەر ڤیدیۆکە بڵاودەکرێنەوە، راست نین
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

پەرستارێکی ئەمەریکی دوای ئەوەی ڤاکسینی کۆرۆنای لێدرا، بوورایەوە. ڤیدیۆکە لە سەرانسەری جیهان لەلایەن بەشێکی ئەوانەی دژی بەکارهێنانی ڤاکسینن، بڵاوکراوەتەوە بۆ ئەوەی خەڵک هانبدەن ڤاکسین لەخۆیان نەدەن.

تیفانی دۆڤەر، دوای تەنیا چەند خوولەکێک لە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، لەهۆشخۆی چوو و ساتی بوورانەوەکەشی بە ڤیدیۆ تۆمارکراوە.

پزیشکان، دڵنیایی دەدەن لەوەی بوورانەوەی تیفانی پەیوەندی بە ڤاکسینەکەوە نەبووە، تیفانیش دەڵێ خۆی نەخۆشیی هەیە، هەندێکجار دەبوورێتەوە.

لە سۆشیاڵ میدیاکاندا لە سەرانسەری جیهان چەندین کەس ڤیدیۆکەیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن ئەگەر خەڵک بەردەوام بن لە وەرگرتنی ڤاکسین، ئەوا "جینۆساید روودەدات"، بەڵام ئاژانسی رۆیتەرز رەتیدەکاتەوە و دەڵێ "ئەو قسانە راست نین. پەرستارەکەش خۆی گوتوویەتی ئەوکاتەی هەست بە ئازار دەکات، دەبوورێتەوە و ڤاکسینەکەش بە سەلامەتی بەکارهاتووە تائێستا".