بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی كەلوپەل لە بازاڕ چەند پێشنیازێك ئاراستەی حكومەت دەكرێن

لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی داکەوتنی بەهای دینار کۆدەبێتەوە
دیمەنێكی بازاڕی ھەولێر - ئەرشیف
دیمەنێكی بازاڕی ھەولێر - ئەرشیف

K24 – ھەولێر

بڕیارە لە رۆژانی داھاتوودا لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بكات و بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی كەلوپەل لە بازاڕ چەند پێشنیاز و راسپاردەیەك ئاراستەی حكومەت دەكەن.

محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ھەوڵدەدەین لە رۆژانی داھاتوو كۆببینەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ ئەو دۆخە دەكەین، كە بەھۆی دابەزینی بەھای دیناری عێراقی و بەرزبوونەوەی دۆلار ھاتووەتە ئاراوە، دواتر پێشنیازەكانمان بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخەكان لە بازاڕ ئاراستەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەین".

گوتیشی: "حكومەت دەتوانێت لە رێگەی لایەنە پەیوەندیدارەكان رێنمایی دەربكات و كۆنترۆڵی بازاڕ بكات، بۆ ئەوەی نرخی كەلوپەل بەجۆرێك بەرزنەبێتەوە كە ھاووڵاتییان لێی زیانمەندبن".

ئەمەش دوای ئەوەدێت كە بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریكا داكەوتنی بەرچاوی تۆماركرد، بەمەبەستی پڕكردنەوەی كورتھێنان لە بودجەی گشتی، ئەمڕۆ بانكی ناوەندی بەھای دیناری بەرامبەر بە دۆلار جێگیركرد، كە بەھای ھەر دۆلارێك بە 1450 دینار بۆ کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی و  1460 دینار بەھای فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان لەرێگەی زیادکردنی فەرمی، ھەروەھا 1470 دینار بەھای فرۆشتنی لەلایەن بانکەکان و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان بە هاووڵاتییان دەبێت.