وەزیری پێشوتری بەرگری ئەمەریكا ئامۆژگاری بایدن دەكات سزای ئەڵمانیا و توركیا بدات

دەبێت واشنتن سزای ئەنقەرە بدات بەھۆی كڕینی "ئێس- 400" و رەفتارەكانی لە سووریا و لیبیا
وەزیری پێشووتری بەرگری ئەمەریكا، رۆبرت گیتس
وەزیری پێشووتری بەرگری ئەمەریكا، رۆبرت گیتس

K24 – ھەولێر:

وەزیری پێشووتری بەرگری ئەمەریكا، رۆبرت گیتس، ئامۆژگاری جۆ بایدن، سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكای كرد، ئەڵمانیا و توركیا سزا بدات، بەھۆی ئەو گرێبەستانەی ھەر یەك لە بەرلین و ئەنقەرە لە گەڵ مۆسكۆیان ئەنجامداوە.

لەگوتارێكیدا لە رۆژنامەی "نیۆیۆرك تایمز" ئەمڕۆ یەكشەممە، گیتس، كە لە ئیدارەی "جۆرج بوش"ی كوڕ و باراك ئۆباما (2006-2011) وەزیری بەرگری بوو، داوای لێپێچینەوەی كرد لەگەڵ ئەڵمانیا بەھۆی كەمی پشتیوانیكردنی دارایی بەرلین بۆ پەیمانی ناتۆ و ھەروەھا بەھۆی ھەوڵدانی بەدوای قازانج لە پرۆژەی "ھێڵی غازی باكوور-2" (بۆ گواستنەوەی غازی سرووشتی رووسیا بۆ سەر خاكەكەی خۆی) لەسەر كیسی بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەكانی ھەر یەك لە پۆڵەندا و ئۆكرانیا.

گیتس داواشی لە سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا كرد، ھەڵوێستێكی توند بەرامبەر بە ئەنقەرە بگرێتەبەر. ئاماژەشیكرد بەوەی دەبێت واشنتن سزای ئەنقەرە بدات بەھۆی كڕینی سیستەمی بەرگری رووسیایی "ئێس- 400"، ھەروەھا لە بەرامبەر رەفتارەكانی لە سووریا و لیبیا، كە ھاودژە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی تەواوی دەوڵەتانی ناتۆدا.

سەرچاوە: RT