سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکات

"داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین رۆڵی کارای خۆی بگێڕێت لە گەیشتن بە رێککەوتن بە پێی دەستوور"
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جینین هانس پلاسخارت، نوینه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جینین هانس پلاسخارت، نوینه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق

K24- هه‌ولێر:

ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/12/20 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جینین هێنیس- پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی عێراق و دوایین پێشهاتەکانی دانوستانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان کرا.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ بیانوویەکی بۆ حکومەتی بەغدا نەهێشتووەتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە رێککەوتن لە سەر بنەمای دەستوور. گوتیشی بەداخەوە بابەتی مووچە کراوەتە کارتێکی فشاری سیاسی لە دژی خەڵکی کوردستان، کە لە مساڵدا بەغدا تەنیا بەشە مووچەی شەش مانگی ناردووە. بۆیە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە رۆڵی کارای خۆی بگێڕێت لە گەیشتن بە رێککەوتن و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەروەها جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی شنگال کرایەوە، لە پێناو گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیریی بۆ دەڤەرەکە. سەرۆکی حکومەت داوای کرد، رێککەوتننامەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، نەك تەنیا ئەنجامدانی هەندێك رێکاری رووکەش بێت.

H.B