پشكی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی چەنده‌؟

حكومەتی عێراق ریككەوتنەكان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان جێبەجێ ناكات
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

پشكی ھەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی2021  ھەمان رێژەی چەند ساڵی پێشووە، بەڵام ئاستی داواكارییەكانی عێراق لە ھەرێمی كوردستان بە بەراورد بە چەند ساڵی ڕابردوو بەرزتر بووەتەوە، بەلای حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە ئەوەی گرنگە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكانە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە.

لە ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەسەر پرۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2021 ، پشكی ھەرێمی كوردستان لە بەرامبەر ڕادەستكردنی  250  ھەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داھاتە نانەوتییەكانە بە12.67 % دیاریكراوە. ئەمەش ھەمان ئەو ڕێژەیەیە، كە لە سەردەمی كابینەكانی حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەھدیدا وەك پشكی ھەرێمی كوردستان دیاریدەكرا.

ئەردەلان نورەددین، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق گوتی: ساڵ بە دوای ساڵ عێراق ئاستی داواكارییەكانی بەرزتر دەكاتەوە.

حكومەتی ھەرێمی كوردستان جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی لەگەڵ حكومەتی عێراق بەلاوە گرنگە، چونكە لە مانگی ھەشتی ئەم ساڵیش ڕێككەوتن لە نێوان ھەردوو حكومەت لەسەر ناردنی 320 ملیار دیناری مانگانە بۆ ھەرێمی كوردستان واژووكرا، بەڵام دواتر بەھۆی فشاری ئەنجوومەنی نوێنەران، حكومەتی عێراق نەیتوانی رێككەوتنەكە بباتە سەر.

گرفتی گەورە لەبەردەم پرۆژە یاسای بوودجەی 2021، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نییە، بەڵكو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانە، دوور نییە لەوێ جارێكی دیكە فشارە سیاسییەكان دەستپێبكەنەوە، بەتایبەت عێراق بەرەو ھەڵبژاردنی پێشوەختە ھەنگاو دەنێت.