بە هاوكاری حكومه‌تی هەرێم ژمارەیەك هاووڵاتی ئەڵمانى و فینلەندى لە سووریاوە گەڕاندەوە وڵاتانى خۆیان

لە رێگەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر گەڕێندراونەته‌وە وڵاتى خۆیان
ژنانی داعش له‌ كه‌مپه‌كانی سووریا
ژنانی داعش له‌ كه‌مپه‌كانی سووریا

K24 - هه‌ولێر:

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بەهاوکارى و هەماهەنگى وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتى هەرێمى کوردستان، له‌گه‌ڵ هەردوو وڵاتى ئەڵمانیاى فیدراڵ و فینلەندا، بە ڕێگاى نێردەى دیپلۆماسی خۆیان لە هه‌ولێر و به‌غدا، چەند ژن ومنداڵێکى داعشى بە رەگەز ئەڵمانى و فینلەندى، لە کەمپەکانى باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا بوون، لە رێگەى خاکى هەرێمى کوردستان و لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر، بە فڕۆکەیەکى تایبەت گەڕێندرانەوە وڵاتى خۆیان.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت روونیكرده‌وه‌، هاووڵاتییەکان، لە سێ ئافرەت و دوازدە منداڵى بە رەگەز ئەڵمانى، دوو ئافرەت و شەش منداڵى بە رەگەز فینلەندى پێکهاتبوون، ، بە مەبەستى سەرخستنى پڕۆسەى گەڕانەوەکە، بە هەماهەنگى و هاوکارى لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێم، به‌ دابینکردنى ئاسایش و هاوکارى لۆجستى و تەکنیکى ئه‌نجامدراوه‌.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژه‌شی كرد، پڕۆسەى گەڕانەوەکە بە بەشدارى تیمێکى دیپلۆماسی ئەڵمانیا و فینلەندا و بەهەماهەنگى لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و دواى چەندین دیدارى پێشوەختە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێم ئەنجام دراوە. ئەمەش لە میانەى بڕوابوونى حکومەتى هەرێم بۆ پتەوکردنى پەیوەندیە دوولایەنییەکان لەگەڵ وڵاتانى هاوپەیمان و هاوکارىکردنى گەڕانەوەى ژن و منداڵانى قوربانى دەستى داعش بۆ وڵاتى خۆیان.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جه‌ختی كرده‌وه‌، ئەمە یەکەمجار نییە پڕۆسەی گەڕانەوەى ژن و منداڵانى داعش، لە کەمپى ئەلهۆلى رۆژئاوا بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌، پڕۆسەى لەم شێوەیە چەندین جارى دیکە ئەنجام دراوە.

د.ی