رێككەوتنی ھەولێر و بەغدا لەبارەی بودجەی 2021

"حکومەتی عێراق لە ژێر ھەژموونی حزبەکانە و ئەستەمە پابەندی رێکكەوتن بێت"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

ھەر چەندە وەزیری دارایی حکومەتی عێراق ئاشکرایکردووە، حکومەتی ھەرێم و عێراق لە سەر پرۆژە بوودجەی 2021 رێککەوتن، بەڵام پەرلەمانتارێکی یەکێتی گوتی: حکومەتی عێراق لە ژێر ھەڕەشەی حزبەکانە و ئەستەمە پابەندی رێکەوتن بێت. پەرلەمانتارێکی رەوتی فەتحیش گوتی: گەر تەواوی دۆسیەی نەوتی ھەرێم رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق نەکرێت دەنگ بە پرۆژە بودجەی ساڵی 2021 نادەین.

لە سەروبەندی پەسەندکردنی پرۆژە بودجەی ساڵی 2021 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە ھەمان رەشنووس لە سەر پرۆژە بوودجەکە رێکەوتن، کە پێشتر وەزیری دارایی باسی لە ناوەڕۆکەکەی کردبوو، بە تایبەت ئەوەی، کە ئاشکرایکردبوو لەگەڵ حکومەتی ھەرێم رێکەوتون.

رێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "حکومەتی عێراقی لە ژێر ھەڕەشەی حزبە شیعەکانە و ئەستەمە پابەندی رێکەوتن بێت، چونکە شاندەکەی حکومەتی ھەرێم بۆ یاسای قەرز ھەموو ئامادەییەکی خۆی نیشانداوە و ئەوان جێبەجێی ناکەن. ئەی بۆ پرۆژە بوودجەی 2021، کە پێویستی بە دەنگی پەرلەمانتارانە چۆن دەتوانن ریکەوتن رابگەیەنن؟

پرۆژە بودجەی ساڵی 2021 قۆناغێکی سەخت بۆ گوزەرانی ھاووڵاتیان دەھێنێتە ئاراوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە پەرلەمانی عێراق زۆرترین مشتومڕ ھەڵگرێت.

نەعیم عەبودی، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی فەتح لە بارەی پشکی ھەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "پەرلەمان دەنگ بە رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان دەدات، پێویستە ھەرێم نەک داھاتی نەوت بەڵکو دۆسیەی نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، ئەمە ئێمە پێی دەڵێین رێكکەوتن. ھاوکات دەبێت دەروازە سنوورییەکان و گومرکەکانیش رادەستی حکومەتی عێراق بکرێت".

بەرزکردنەوەی بەھای دۆلار و ئەو شڵەژانە ئابوورییەی کەوتووەتە ناو بازاڕ و ترسی گرانیی لای ھاووڵاتیان دروستکردووە و ھاوتەریبە لەگەڵ پەسەندکردنی بوودجە، بۆیە ئەمەش گفتوگۆی شاندەکەی ھەرێمی كوردستانی لەگەڵ حکومەتی عێراق پەکخستووە. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داھاتوو گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لە بەغدا دەست پێبکرێتەوە.