بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار ھاووڵاتیان و كاسبكاران نیگەران دەكات

پەرلەمان راسپاردە دەداتە حكومەت بۆ رێگرتن لە گرانبوونی نرخی كاڵاكان
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی ھاووڵاتییان و كاسبكارانی نیگەران كردووە. بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بۆ رێگریكردن لە گرانبوونی نرخی کاڵا و شتومەک ژمارەیەک راسپاردە دەدەینە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوە لە هەولێر، بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار تا دێت زیاتر دادەبەزێت. گرتنەبەری ئەم رێگەیە بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە یەکێک لە کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاو شتومەکە. بە رێژەی جۆراوجۆر نرخەکان بەرزبوونەتەوە. دەبێت رێگە لەو قەیرانەش بگیرێت. محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان گوتی: دەبێت راسپاردە بدەینە حکومەت بۆ ئەوەی رێگربێت لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا. گوتیشی: پێوست بکات لەگەڵ حکومەت کۆدەبینەوە.

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی زۆربەی كەرتەكانی تووشی زیان کردووە و بازاڕی شێواندووە، بە تایبەت ئەو کاڵایانەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن یان کەرەستە خاوەکەیان لە دەرەوە دێت. جوتیاران و خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەریش زیانمەمەندی یەکەمن؛ چونکە زۆربەی کەرەستەکانیان لە دەرەوە دێت و دەبێت بە دۆلار پارەکەی بدەن.

وەزیری دارایی عێراقیش گوتی: نزمکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار، دەبێتە هۆی گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ. كەچی پسپۆڕانی بواری ئابووری بە پێچەوانەوە باسی ئەو بڕیارە دەكەن.

بێستون ژاژڵەی، پسپۆڕی ئابوری و شارەزای کێڵگە پەلەوەرییەکان گوتی: "90% کاڵای عێراق لە دەرەوە دێت بۆیە ئەم بڕیارە دەبێـتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاو پشێوی لە بازاڕ درووست دەکات".