سەرۆكایەتی كۆماری عێراق: ئەم كردەوانە زیان بە ناوبانگی عێراق دەگەیەنێت‌

سەرۆکایەتی کۆمار سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی ناوچەی سەوز دەکات
دیمەنێكی ھەڵكوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا - ئەرشیف
دیمەنێكی ھەڵكوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا - ئەرشیف

K24 – ھەولێر

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی ناوچەی سەوز دەکات و رایگەیاند "ئەم كردەوانە زیان بە ناوبانگی عێراق دەگەیەنێت‌ لە رووی نێودەوڵەتی، ھاوکات كاریگەری خراپیش دەكاتە سەر پەیوەندییەكانی دەرەوەی".

شەوی رابردوو جارێكی دیكە بە مووشەك ھێرشكرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە ناوچەی سەوزی بەغدا.

وتەبێژێک بەناوی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند: "بەردەوامی كردەوە تاوانكارییەكان كە ئاسایش و ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی و ماڵ و موڵكیان دەخاتە مەترسییەوە، لە هەمانكاتیشدا بە ئامانجگرتنی سەروەری وڵات و هەوڵە نیشتمانییەكانە كە دەنرێت لە پێناو پارێزگاریگردن لە شكۆی دەوڵەت، هەروەها ئەم كردەوانە زیان بە ناوبانگی عێراق دەگەیەنێت‌ لە رووی نێودەوڵەتی، ھاوکات كاریگەری خراپیش دەكاتە سەر پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەویش لە رێگەی بە ئامانجگرتنی نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەكان كە ئەركی پاراستن و سەلامەتی و ئاسایشیان لە ئەستۆی عێراقە لە چوارچێوەی پابەندبوونە كارپێكراوە نێودەوڵەتییەکان".

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەیەكەدا ھاتووە: "هێزە ئەمنییەكان پێویستە هەوڵی زیاتر بخەنەگەڕ بۆ راوودونانی تاقمە تاوانكارییەكانی دەرەوەی یاسا و راپێچكردنیان بۆ بەردەم دادگا و رێگریكردن لە دووبارە بوونەوەی رووداوی لەو جۆرە، لە پێناو پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندی باڵای وڵات و زامنكردنی ئاسایش و ئارامی هاووڵاتییان".