ئەمەریكا: بۆ وەڵامدانەوەی ھێرشی ئێران ئامادەین

"بەرگری لە خۆمان و دۆستەکانمان لە ناوچەکە بکەین"
سەربازێكی ئەمەریكا لەكاتی چاودێری، لە باڵیۆزخانەی ئەمەریكا
سەربازێكی ئەمەریكا لەكاتی چاودێری، لە باڵیۆزخانەی ئەمەریكا

K24 – ھەولێر

فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، ئامادەین بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھێرشێكی ئێران لە ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی.

فرانک مه‌کێنزی فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی، واشنتن ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوە، ئەگەر ئێران لە یەکەم ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی ئەمەریکا.

مەکێنزی راشیگەیاند، ئامادەین بەرگری لە خۆمان و دۆستەکانمان لە ناوچەکە بکەین.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سەردانی بەغدای کردووە و لەوێ چاوی بە پۆڵ کالڤێرت فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و عەبدولئەمیر یارەڵڵا سوپاسالاری عێراق کەوتووە، هێزەکانی ئەمەریکاشی لە فڕۆکەخانەی سەربازی تەنەف لە سووریا بەسەرکردووەتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە ژمارەیەك لە گرووپە چەكدارەكان لە عێراق ھەڕەشەی ئەوەیان كردووە لە ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەھدی موھەندیس ھێرش دەكەنە سەر ھێزەكانی ئەمەریكا. لە چەند رۆژی رابردووشدا وەك ئامادەكاری بۆ یادكردنەوەیان لەلایەن ھەندێك كوتلە و پەرلەمانتار وێنەكانی سولەیمانی و موھەندیس لەناو پەرلەمانی عێراق ھەڵواسران.

لە 3/1/2020 هێرشێكی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ئه‌مەریكی، قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەھدی موھەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا كوژران.