حكومه‌تی عێراق بودجه‌ی 2021 په‌سندكرد و كازمی ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێی ده‌ركرد

حكومه‌تی عێراق بودجه‌ی 2021 په‌سندكرد
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق

K24 – هه‌ولێر:

پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021ی عێراق له‌ لایه‌ن كابینه‌ی مسته‌فا كازمییه‌وه‌ په‌سند كرا و بڕیاره‌ پڕۆژه‌كه‌ ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بكرێت بۆ په‌سندكردنی. به‌ گوێره‌ی پڕۆژه‌كه‌، %40ی بودجه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ و %30ی مووچه‌ی په‌رله‌مانتار و وه‌زیره‌كان ده‌بڕدرێت. هه‌روه‌ها باج خرایه‌ سه‌ر مووچه‌ی مووچه‌خۆران به‌ مه‌رجێك له‌ (750) هه‌زار دینار زیاتر بێت و له‌و بڕه‌ كه‌متر ده‌ستكاری مووچه‌كه‌ی ناكرێت. 

دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی ئیتیحادی و په‌سندكردنی بودجه‌، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا پرسه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی عێراقی خسته‌ڕوو.

چه‌ند وته‌یه‌كی مسته‌فا كازمی:

* ئه‌و مووشه‌كانه‌ی ئاراسته‌ی ناوچه‌ی سه‌وز كران، به‌سه‌ر عێراقییه‌كاندا بارین و برینداری كردن.

* هیچ جۆره‌ ده‌ستدرێژییه‌ك بۆ سه‌ر نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان قبووڵ ناكه‌ین.

* ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تبار و گومانلێكراومان ده‌ستگیركردووه‌، كه‌ گومانده‌كرێت په‌یوه‌ندیان هه‌بێت به‌ بۆردومانی شه‌وی رابردووی ناوچه‌ی سه‌وزه‌وه‌.

* دوای بۆردومانه‌كه‌ی شه‌وی رابردوو، به‌رپرسانی كه‌رته‌ ئه‌منییه‌كانمان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌ و ئه‌وانمان خستووه‌ته‌ زیندانه‌وه‌، تا لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت.

* له‌ بودجه‌ی 2021 ده‌ستكاری مووچه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌ خۆرانه‌ ناكرێت، كه‌ زۆرینه‌ی گه‌لی عێراق پێكده‌هێنن.

* ئه‌وه‌ی له‌ بودجه‌دا مووچه‌ی ده‌ستكاری كراوه‌، پله‌ باڵاكانن، نه‌ك كه‌سی دیكه‌.

* حكومه‌تی توركیا ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ به‌ بڕی 5 ملیار دۆلار پشتیوانی عێراق بكات.

* وه‌زیری ته‌ندرووستیمان رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ كۆمپانیا تایبه‌تمه‌نده‌كان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێكوته‌ی كۆرۆنا بده‌نه‌ عێراق.

* پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌مان خستووه‌ته‌ به‌رده‌م سه‌رجه‌م لایه‌ن و كوتله‌ سیاسییه‌كان و سه‌رجه‌میان پشتیوانیان بۆ ده‌ربڕیوه‌.

* ته‌نیا ده‌ستكاری مووچه‌ی پله‌ باڵاكان و پله‌ تایبه‌ته‌كان ده‌كه‌ین.

* هه‌رچه‌نده‌ فشاری زۆرمان له‌سه‌ره‌، به‌ڵام كاره‌كانی لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی راناگرین.

به‌ گوێره‌ی بڕیاره‌كانی حكومه‌تی كازمی، %40ی مووچه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ له‌ بودجه‌دا ده‌بڕدرێت و نوێنه‌ران و وه‌زیره‌كانیش به‌ رێژه‌ی %30 مووچه‌یان ده‌بڕدرێت.

لیستی باج له‌سه‌ر مووچه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ 750 هه‌زار دینار زیاتر وه‌رده‌گرن
لیستی باج له‌سه‌ر مووچه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ 750 هه‌زار دینار زیاتر وه‌رده‌گرن