وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداری لەبارەی نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا دەدات

راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە
نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا لە لەندەن و باشووری رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا بڵاوبووەتەوە
نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا لە لەندەن و باشووری رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا بڵاوبووەتەوە

K24 - هەولێر

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق شەوی رابردوو راگەیەندراوێکی لەبارەی دەرکەوتنی نەوەیەکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیا و بڵاوبوونەوەی لە چەند وڵاتێکی دیکە بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتەکەدا باس لەوە کراوە "راپۆرتە زانستییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، ئەو نەوە نوێیەی کۆرۆنا، بەوە جیادەکرێرێتەوە لە بڵاوبوونەوە زۆر خێرایە و، پەتاکەی بە خێرایی بڵاودەبێتەوە".

لەوەتەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیە بەریتانیا رایگەیاندووە، نەوەیەکی نوێی کۆرۆنا لەو وڵاتە سەریهەڵداوە، کە بەڕێژەی 70٪ لە نەوەی پێشووی کۆرۆنا خێراتر بڵاودەبێتەوە و"لە کۆنترۆڵ دەرچووە"، زۆر وڵاتی جیهان رێکاریان گرتووەتەبەر و دەرگاکانیان بەڕووی بەریتانیا داخستووە.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە بەیاننامەکەدا دەڵێ "وەزارەتەکەمان هۆشداری دەدات لە ترسناکیی بڵاوبوونەوەی ئەو نەوەیەی کۆرۆنا لە وڵاتە خۆشەویستەکەمان و، کاردەکات بۆ باشکردنی رەوشی ئێستا لەدژی کۆرۆنا و بەردەوامیدان لە کۆنترۆڵکردنی پەتاکە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی، وەزارەتی تەندروستیی عێراق داوا لە هاووڵاتییان دەکات بەردەوام بن لە رێکارەکانی خۆپارێزی و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکانی دەزگا فەرمییەکان، هەروەها دەمامک ببەستن، لەیەکدی دووربکەونەوە و دەستەکانیان پاکژبکەنەوە.

 

هـ.ر.