وڵاتانی بەشدار چاویان لە گەڕانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانە

وڵاتانی بەشدار چاویان لە گەڕانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانە
دیمەنێکی کۆبوونەوەکە، کە زەریف لە توویتەرەکەی خۆی بڵاوی کردووەتەوە
دیمەنێکی کۆبوونەوەکە، کە زەریف لە توویتەرەکەی خۆی بڵاوی کردووەتەوە

K24 - هەولێر

لایەنە بەشدارەکانی رێککەوتنی ئەتۆمیی 2015، دووشەممە رایانگەیاند ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەگەری گەڕانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ نێو رێککەوتنەکە کاتێک لە مانگی داهاتوودا جۆو بایدن، لە کۆشکی سپی دەستبەکار دەبێت.

جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، لە 20ـی مانگی داهاتوو لە کۆشکی سپی دەستبەکاردەبێت و ئاماژەی بەوە داوە؛ واشنتن دەگەڕێنێتەوە ئەوەی پێی دەگوترێت "پلانی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی کار (JCPOA)"، کە مەبەستییەتی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران سنووردار بکات.

لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018ـەوە ئەمەریکای لە رێککەوتنەکە کشاندووەتەوە و سزای دارایی بەسەر تاراندا سەپاندووە، ئەو رێککەوتنە کێشەی زۆری بۆ دروست بووە.

وەزیرانی دەرەوەی: ئێران، چین، رووسیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەدوای کۆبوونەوە ئۆنلاینەکەی بەیانیی دوێنێ (دووشەممە، 21-12-2020) رایانگەیاند، دانیان بەوەداناوە رەنگە ئەمەریکا بگەڕێتەوە نێو رێککەوتنەکە.

هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا باسی لەوە کرد، گۆڕانکاری لە ئیدارەی ئەمەریکا، واتا ئەمە "دوایین دەرەچەیە بۆ بەرەپێشچوون لەو دۆخە و نابێت بەفیڕۆ بدرێت".

ماس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەو بارەیەوە هەروەها گوتی "نابێت چیدیکە مناوەرەی تاکتیکی لە هیچ جۆرێک بکرێت، چونکە لە راستیدا هەموویمان بینیوە لەمدواییەدا"، هەروەها گوتی ئەو جۆرە سزایانە "زیاتر رێککەوتنەکە لەتدەکەن".

دۆمینیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش رایگەیاند ئەو کۆبوونەوەیە "بەتەواوی روونیکردەوە، ئێران نابێت ئەو پێشڤەچوونە لە پرۆگرامی ئەتۆمییدا بکات، کە بەمدواییە رایگەیاندوون".

محەمەد جەواد زەریڤ دوێنێ لە توویتەر بە حەوت خاڵ باسی ناوەڕۆکی گوتەکانی خۆی کردووە سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەکەی.

1 - ئەمە دوایین چانسە بۆ رزگاکردنی رێککەوتنەکە.

2 - رێککەوتنەکانی ئێران و یەکێتیی ئەوروپا لە 2014 و 2019 دەریدەخەن، هەریەک لە یەکێتیی ئەوروپا و E3 (فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا) رێککەوتنەکەیان شکاندووە.

3 - فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هاوبەشن لە زیانگەیاندن بە ئێرانییەکان.

4 - تایملاینی رێککەوتنەکە لە کۆبوونەوەکە جیاناکرێتەوە؛ بەهیچ جۆرێک دووبارە گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنەکە ناکەینەوە.

5 - قەیرانەکانی ناوچەکەمان و سوپا، بەشی زۆری بەهۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سێ وڵاتە ئەوروپییەکەوەن، بەڵام بڕیارمانداوە ئەو کێشانە وەلابنێین.

6 - "وڵاتانی دیموکراسی" ناتوانن داوا لە ئێران بکەن دژی یاسای پەرلەمانەکەی بووەستێتەوە.

7 - هەمووان دەبێت بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنێکی کاریگەری (JCPOA) و، ئێران ئەو هەنگاوانە پێچەوانە دەکاتەوە کە لە وەڵامی کشانەوەی نایاساییانەی ئەمەریکا و پێشێلکارییە زەقەکانی سێ وڵاتە ئەوروپییەکە نابوونی، کاتێک ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن.