ته‌ندرووستی جیهانی: كۆرۆنا نوێیه‌كه له عێراق ده‌رنه‌كه‌وتووه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی تیمی فریاكه‌وتن له رێكخراوی ته‌ندرووستی جیهانی، "وائیل حتاحت"، رایگه‌یاند، تا ئێستا كۆرۆنا نوێیه‌كه له عێراق ده‌رنه‌كه‌وتووه و به دووریش نازانرێت له داهاتوودا ده‌ربكه‌وێت و بڵاو ببێته‌وه.
گوتیشی: تا ئێستا زانیاری ورد له باره‌ی ئه‌و وه‌چه نوێیه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا نییه، كه له به‌ریتانیا سه‌ریهه‌ڵداوه و به‌ڵام ده‌ركه‌وتووه، ئه‌و وه‌چه نوێیه خێرایی بڵاوبوونه‌وه‌ی %70 زیاتره له وه‌چه‌ی پێشووی.
روونیشیكرده‌وه، توێژینه‌وه پزیشكییه‌كان سه‌لماندوویانه، ئه‌و وه‌چه نوێیه به ئه‌ندازه‌ی ڤایرۆسه بنه‌ڕه‌تییه‌كه كوشنده نییه.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی و ژینگه‌ی عێراق بڵاویكرده‌وه، بۆچوونی خۆیان له باره‌ی ئه‌و وه‌چه‌یه‌ی كۆرۆنا ئاراسته‌ی لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا كردووه.