یۆنان رێگری لە دوو فڕۆكەی جەنگی توركیا كرد بەبێ ھەماھەنگی چووبوونە نێو ئاسمانی ئەو وڵاتە

ھەردوو فڕۆكەكە بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت بەسەر ئاسمانی دوو دورگەی یۆنانی لە رۆژەھەڵاتی دەریای ئیجە فڕین
یۆنان رێگری لە دوو فڕۆكەی جەنگی توركیا دەكات
یۆنان رێگری لە دوو فڕۆكەی جەنگی توركیا دەكات

K24 – ھەولێر:

دەستەی بەرگری نیشتیمانی یۆنانی رایگەیاند، رێگرییان لە دوو فڕۆكەی جەنگی توركیا لە جۆری ئێف 16 كردووە، كە دوێنێ چووبوونە ئاسمانی یۆنان.

لەراگەیاندراوێكدا سوپای یۆنانی گوتی: ھەردوو فڕۆكەكە بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت بەسەر ئاسمانی دوو دورگەی یۆنانی لە رۆژھەڵاتی دەریای ئیجە فڕین و لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی یۆنانەوە رێگرییان لێكرا بەپێی یاساكانی پێكدادانی نێودەوڵەتی.

توركیا لەگەڵ ھەر یەك لە یۆنان و قوبرس لە ململانێ دایە بەھۆی ئەنجامدانی كنە و پشكنین لە ناوچەكانی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست. ئەم دۆسیەی یەكێكە لە ھۆكارە سەرەكییەكان ترازانی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و یەكێتی ئەوروپا، ئەمە جگە لە دۆسیەی لیبیا و پەیوەندییەكانی لەگەڵ فەرەنسا و دۆسیەی پانابەران و بابەتی دیكەش.

ئاستی گرژی لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوه‌ڕاست زیادی كردووە بەھۆی داواكارییەكانی توركیا لە لایەك و یۆنان و قوبرس لە لایەكی دیكەوە سەبارەت مافی ھەر لایەكیان لە سەر ئەو ناوچە دەریاییانەی، كە مەزندە دەكرێت دەوڵەمەندبن بە غاز.

سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا لە ھەفتەی رابردوو لە میانی لوتكەی برۆكسل بڕیاریان دا سزاكان بەسەر توركیادا بسەپێنن بەھۆی رەفتارە نایاسایی و دوژمنكارییەكانی ئەنقەرە لە دەریای ناوه‌ڕاست دژ بە یۆنان و قوبرس. بەتایبەتی كارەكانی كنە و پشكنین بەدوای غازدا، كە ئەنقەرە لەو مانگانەی دواییدا لەو ناوچە دەریایانەی ململانێ لە سەر لەنێوان ھەردوو وڵاتدا ئەنجامی دەدات.