ئه‌حمه‌د سه‌فار: پشكی هه‌رێم زیاتر له (12) ترلیۆن دیناره له بودجه‌ی (2021)دا
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به كوردستان24ی راگه‌یاند، به‌پێی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی (2021)، كه له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه په‌سند كراوه، پشكی هه‌رێمی كوردستان (12.67)ی بودجه‌ی فیدراڵی ده‌بێت، واتا زیاتر (12) ترلیۆن دینار بۆ هه‌رێم ده‌بێت.
ئه‌حمه‌د سه‌فار گوتی: "شاندی دانووستانی هه‌رێمی كوردستان، ماوه‌یه‌كه بۆ دوو بابه‌ت له به‌غدایه، بابه‌تێكیان شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمه بۆ ساڵی (2020)، ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی مووچه‌یان نه‌ناردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌شه قه‌رزه‌ی حكومه‌تی عێراق به گوێره‌ی یاسای قه‌رز وه‌ریگرتووه، داوا له عێراق ده‌كه‌ن پابه‌ندی ئه‌و یاسایه بن، لیژنه‌یه‌كی هونه‌ری بۆ پێكهاتووه، بۆئه‌وه‌ی فرۆشتنی ئه‌و (3) مانگه‌ی نه‌وت ئه‌ژمار بكه‌ن، داهاتی گومرگه‌كان له‌كۆی ئه‌و بڕه پاره‌یه كه‌م بكه‌نه‌وه، شانده‌كه گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و رێككه‌وتنه".
ئه‌حمه‌د سه‌فار گوتیشی: "بابه‌تێكی دیكه، پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی (2021)یه، هه‌رچه‌نده تا ئێستا به فه‌رمی نه‌گه‌یشتووته په‌رله‌مان، به‌ڵام نوسخه‌یه‌كی دزه‌پێكراو به ده‌ستی ئێمه گه‌یشتووه، مادده‌ی (11) له ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه، كه (5) بڕگه‌ی له‌باره‌ی هه‌رێمه، هه‌مان بڕگه‌كانی بودجه‌ی (2019)یه، (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت و نیوه‌ی داهاتی گومرگه‌كانه، به‌رامبه‌ر پشكی ته‌واوی بۆ هه‌رێم، ته‌نیا دوو خاڵی جیاوازی تێدایه، خاڵێكی باشه بۆ هه‌رێم، پێویسته لیژنه‌یه‌ك له‌ماوه‌ی (30) رۆژدا پێكبهێنرێت، بۆ ئه‌و قه‌رزانه‌ی له ساڵی (2014)ه‌وه تا ئێستا له‌سه‌ر هه‌رێمه، له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی چاودێری دارایی هه‌رێم و به‌غدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دیكه‌یان، مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌یه، پێشوو له‌سه‌ر بودجه‌ی سیادی بووه، پێویستبوو وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق بیدابووایه، ئێستا خستوویانه‌ته سه‌ر هه‌رێم، ده‌بێت له‌سه‌ر به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم مووچه‌ی پێشمه‌رگه بدرێت".
بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی روونیكرده‌وه، "ئه‌و رێژه‌ی له‌سه‌ر رێككه‌وتوون، هه‌ر ئه‌وه‌ی پێشووه، رێژه‌كه (12.67) ده‌بێت، له نه‌فه‌قه‌ی گشتی ده‌درێت، واتا زیاتر له (12) ترلیۆن دینار بۆ هه‌رێم ده‌بێت، نزیكه‌ی ترلیۆنێك دینار نه‌فه‌قه‌ی دادوه‌رانه، ئه‌مه به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانه له بودجه‌ی فیدراڵیدا".
ئه‌حمه‌د سه‌فار گوتی: "حكومه‌تی عێراق، له هه‌فته‌ی رابردوودا (3) هه‌نگاوی ناوه، به‌های دیناری عێراقییان به‌رامبه‌ر دۆلار دابه‌زاند، هه‌رندێك باجیان له‌سه‌ر كارمه‌ندانی حكومه‌ت سه‌پاند، له‌گه‌ڵ په‌سندكردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه، سه‌باره‌ت به دابه‌زاندی به‌های دینار سیاسه‌تێكی درووسته؛ كاتێك به‌رهه‌می ناوخۆیی هه‌بێت، به‌ڵام له عێراق هیچمان نییه، له‌به‌رئه‌وه هه‌ڵواسانێكی زۆر له عێراق درووست ده‌بێت، نزیكه‌ی (15%) شتومه‌ك گران ده‌بن، خاڵێكی دیكه، ئه‌گه‌ر بته‌وێت ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنانێكی درووست بڕه‌خسێنیت، ده‌بێت رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ببیه‌وه و شه‌ڕی له‌سه‌ر بكه‌ی، ئه‌مه بۆ حكومه‌تی عێراق زه‌حمه‌ته، له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌به‌رده‌ستی هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی دایه".
ئه‌حمه‌د سه‌فار ئاماژه‌ی كرد، "گۆڕانكاری له به‌های دینار، له ده‌سه‌ڵاتی بانكی ناوه‌ندییه، ئێستا حكومه‌تی عێراقی قسه‌ی له‌سه‌ر كردوه، جوڵه‌یه‌ك له په‌رله‌مان هه‌یه، نزیكه‌ی (45%) په‌رله‌مانتاران واژوویان له‌سه‌ر كۆكردووه‌ته‌وه، تا دانیشتنێكی نائاسایی له‌و باره‌یه‌وه بكرێت، ده‌یانه‌وێت حكومه‌ت و پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی بانگهێشت بكه‌ن، لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، هه‌ندێك ده‌یانه‌وێت حكومه‌ت ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه، بۆیه تێپه‌ڕاندنی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه ئاسان نییه، به‌ڵام به‌جددی كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت".
ئه‌حمه‌د سه‌فار، له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی (2021) گوتی: "خراپترین یاسای بودجه‌یه له مێژووی عێراقدا، له‌به‌رئه‌وه‌ی عێراق به قه‌یرانێكی دارایی تێپه‌ڕده‌بێت، ئه‌و بودجه‌یه بۆ وڵاتێك گونجاوه، كه حكومه‌ت زاڵ‌بێت به‌سه‌ر گه‌نده‌ڵكاران، توانا‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بتوانێت هه‌موو داهاته‌كانی خۆی به‌ده‌ستبهێنێت، بۆیه له‌ئه‌نجامی ئه‌م بودجه‌یه، هه‌ڵوسان درووست ده‌بێت، نزیكه‌ی (20%) مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه‌م ده‌بێته‌وه، ده‌بێته هۆی گران بوونی شتومه‌ك، جارێكی دیكه باج له فه‌رمانبه‌ران وه‌رده‌گرێت، ئه‌م بودجه‌یه ده‌یه‌وێت چاكسازی بكات، به‌ڵام له‌سه‌ر شانی فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵكی هه‌ژار، رێژه‌ی هه‌ژاری و بێكاری زیاد ده‌بێت، حكومه‌ت ده‌سته‌وه‌ستانه به‌رامبه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی داهاته‌كانی، تا بیداته فه‌رمانبه‌ران".
ئه‌حمه‌د سه‌فار جه‌ختی كرده‌وه، "ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نییه، گۆڕانكاری له به‌های دینار بكات، ئه‌مه ده‌سه‌ڵاتی بانكی ناوه‌ندی عێراقه، به‌ڵام ره‌نگه بتوانین كاریگه‌ری دروست بكه‌ین".
د.ی