ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بودجەی 2021ی رەوانەی پەرلەمان كرد

"لە چاره‌گی یەكەمی ساڵی داھاتوو ڤاكسینی كۆرۆنا ده‌گاته‌ عێراق".
حەسەن نازم، وەزیری رۆشنبیری و گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی
حەسەن نازم، وەزیری رۆشنبیری و گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی

K24 – ھەولێر:

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند، بودجەی ساڵی 2021ی رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی كراوە، ھەروەھا ئاماژەیكرد، مووچەی فەرمانبەرانی خاوەن داھاتی سنووردار لە بودجەی ساڵی داھاتوو زۆر دەستكاری نەكراوە.

حەسەن نازم، وەزیری رۆشنبیری و گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئامانجی حكومەت لە پەڕی سپی؛ چاكسازی ئابوورییە، ئێمە دەستمانكردووە بە چارەسەركردنی میراتی پێشووی ئابووری و پەڕی سپیمان لە بودجەی 2021 جێبەجێكرد".

گوتیشی: "لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی زۆر راستیی ئاشكراكردووە و رەوانەی  دەستەی دەستپاكی كراون و حكومەت بەرپرسیارییەكی مێژوویی ئەنجامدەدات، ئەویش دەستكردنیەتی بە چاكسازی".

جەختیشیكردەوە، لەوەی "مووچەی ئەوانە داھاتیان سنووردارە لە بودجەی ساڵی داھاتوودا زۆر دەستكاری نەكراوە"، راشیگەیاند، بودجەی ساڵی داھاتوو ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە".

نازم روونیكردەوە، "لە چاره‌گی یەكەمی ساڵی داھاتوو ڤاكسینی كۆرۆنا ده‌گاته‌ عێراق".

گوتەبێژی حكومەتی عێراق گوتی: "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی دەسەڵاتی داوەتە بەڕێوەبەری دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی بۆ واژووكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن بۆ ئامادەكردنەوەی فڕۆكەخانەی مووسڵ".