دادگای ئه‌وروپا داوا له توركیا ده‌كات ده‌ستبه‌جێ ده‌میرتاش ئازاد بكات
K24 – هه‌ولێر:
دادگای ئه‌وروپایی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، داوای له ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا كرد، ده‌ستبه‌جێ كه‌سایه‌تی سیاسی كورد، سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش، ئازاد بكه‌ن.
ژووری گه‌وره‌ی دادگای ئه‌وروپایی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (22ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020)، رایگه‌یاند، زیندانیكردنی ده‌میرتاش پرسێكی زۆر گرنگه به نسبه‌ت دیموكراسییه‌وه و هیچ چه‌ندوچوونێك هه‌ڵناگرێت.
دادگاكه روونیكردووه‌ته‌وه، هێشتنه‌وه‌ی ده‌میرتاش بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك له زیندان، هه‌وڵێكی ده‌سه‌ڵاتدارانه بۆ رێگرتن له فره‌یی سیاسی و هاتنه ئارای گفتوگۆیه‌كی سیاسی له وڵات‌دا.
ده‌میرتاش، ماوه‌ی زیاتر له چوار ساڵه به تۆمه‌تی تیرۆر زیندانیكراوه.
دادگاكه باسی له‌وه‌شكردووه، ئه‌وان هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نابینن، كه بیسه‌لمێنێت په‌یوه‌ندی له نێوان وته و چالاكییه‌كانی ده‌میرتاش و كرده‌وه‌ی تیرۆریستانه هه‌بێت.