نەتەوەیەكگرتووەكان: ئێران بەدابینكردنی ئامێرە نوێیەكانی سەنتەر فیوچ دەزگای نەتەنزی ئەتۆمیی پەرەپێداوە

داوای لە تاران كرد، پابەند بێت بە بڕگەكانی رێككەوتنی ئەتۆمی
وینەیەكی پێشووی دەزگای ئەتۆمی  ئێرانی
وینەیەكی پێشووی دەزگای ئەتۆمی ئێرانی

K24 – ھەولێر:

رۆزماری دی كارلۆ، بریكاری ئەمینداری گشتی كاروباری سیاسی و ئاوەدانكردنەوە لە نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمڕۆ سێشەمە رایگەیاند، ئێران، بە دامەزراندنی ئامێرە نوێیەكانی سەنتەر فیوچ دەزگای نەتەنزی ئەتۆمی پەرەپێداوە و پیتاندنی یۆرانیۆمی زیادكردووە.

دی كارلۆ لە میانی دانیشتنێكی ئەنجوومەنی ئاسایشدا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەكی ئێران، داوای لە تاران كرد، پابەند بێت بە بڕگەكانی رێككەوتنی ئەتۆمی. ئاماژەشیكرد بەوەی ئێران ئەو تۆمەتانەی رەتكردووەتەوە لە بارەی گواستنەوەی چەك بۆ لیبیا.

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەگرتووەكان گوتیشی: "نەمانتوانیوە بیچەسپێنین، كەوا ئێران، گوللـە مووشەكی گواستووەتەوە بۆ لیبیا".

لە لایەن خۆیەوە، نوێنەری یەكێتی ئەوروپا گوتی: بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی ھەڕەشە لە جیھان دەكات، یەكێتی ئەوروپا ھەوڵی زۆر گەورەی داوە بۆ پاراستنی رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، راشیگەیاند، ئەو رێككەوتنە رێگریی لە ئێران كرد لە پێشخستنی چەكی ئەتۆمی.

پێشتر نەتەوەیەكگرتووەكان لە راپۆرتی دەیەمیدا پێشێلكارییەكانی ئێرانی بۆ بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش ژمارە 2231ی ساڵی 2015 ئاشكرایكردبوو و لە راپۆرتەكەدا ئاماژە كرابوو بەوەی ئێران ئامێرە نوێیەكانی سەنتەر فیوچ (IR-2M )ی  لە وێستگەكە دامەزراندووە.

ئێران تا رێژەی 4.5% لە یۆرانیۆم پیتاندووە، واتە بەڕێژەیەكی زیاتر لەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە. ھەوەھا راپۆرتەكە زانیارییەكانی پەیوەست بە ھەبوونی چوار مووشەكی ئێرانیی دژە تانك لە جۆری دەھلاویە لە لیبیا شیكردووەتەوە، راپۆرتە چەسپاندوویەتی، یەكێك لە مووشەكە ئاراستەكراوەكانی دژە تانك، خسڵەتەكانی ھەمان خسڵەتی مووشەكەكانی ئێرانی ھەیە.

پێش ئەمەش راگەیاندراوی كۆتایی دەوڵەتانی 4+1 سەبارەت بە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ھانی بەردەوامیدانی بە دانوستان و پابەندبوون بەجێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دا. ھەروەھا كۆبوونەوەكە باسی لە ئەگەری گەڕانەوەی واشنتن بۆ رێككەوتنەكە كرد.

دوای ئەو كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپای ئەندام لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بە رێگای ڤیدیۆ كۆنفراسەوە، بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە و پێشھاتەكانی ئەو دۆسیە، ئەڵمانیا جەختیكردەوە لەوەی پێویستە ئێران بگەڕێتەوە سەر پابەندییەكانی پێشووی و پێشێلكارییەكانی رێككەوتنەكە رابگرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ھایكۆ ماس گوتی: "ئێمە ماوەیەكە ھەوڵ دەدەین رێككەوتنەكە رزگار بكەین، بەڵام رەوشەكە ئاڵۆزە". گوتیشی: "پێویستە لەسەر ئێران بگەڕێتەوە سەر رێككەوتنی ئەتۆمی و پێشێلكارییەكانی رابگرێت".

ئێران كەمە ئومێدێكی ھەیە بەوەی گۆڕانكاری لە سیاسەتی ئێدارەی نوێی ئەمەیكادا بكرێت بەرامبەر بە دۆسیەی ئەتۆمی، ھەرچەندە زۆر لە شیكەرەوان ئەم كارە زۆر ئاستەنگی ھەیە و لەوانەیە رێگری لە سەرۆكی ئەمەریكا جۆ بایدن بكات لەوەی بگەڕێتەوە سەر ئەو رێككەوتنەی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 لێی كشایەوە.