رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەبارەی نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە

چوار کۆمپانیای دەرمان پێیان وایە ڤاکسینەکانیان لەدژی جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنا کاریگەرە
لە کۆبوونەوەکەدا زانیارییەکانیان سەبارەت بە نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا، زانیارییەکانیان ئاڵوگۆڕدەکەن، وێنە: ئەرشیڤ
لە کۆبوونەوەکەدا زانیارییەکانیان سەبارەت بە نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا، زانیارییەکانیان ئاڵوگۆڕدەکەن، وێنە: ئەرشیڤ

K24 - هەولێر

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەبارەی نەوە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری دەرمانیش چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکرێت؛ بیسەلمێنن ڤاکسینەکانیان لەدژی ئەو نەوەی کۆرۆنا کاریگەرە.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) ئەمڕۆ بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ستراتیژییەتی بەرەنگاربوونەوەی نەوە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە، کە سەرەتا لە بەریتانیا سەریهەڵداوە و ئێستا زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ترسی ئەوەیان هەیە، لای ئەوانیش بڵاوبووبێتەوە و دەرگایان بەڕووی بەریتانیا داخستووە.

بەگوتەی گوتەبێژێکی رێکخراوەکە بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، کۆبوونەوەی ئەندامانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ ئەوەیە زانایارییەکانیان لەبارەی (نەوە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا) لەگەڵ یەکدی ئاڵوگۆڕ بکەن.

بەلایەنی کەمەوە، چوار کۆمپانیای دروستکردنی دەرمان پێیان وایە ڤاکسینی دژەکۆرۆناکانیان لەدژی ئەو نەوە نوێیەی کۆرۆنا کاریگەریی هەیە، ئێستاش خەریکی تاقیکردنەوەن و ئەنجامی تاقیکردنەوەکانیشیان لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەردەکەوێت.

نەوە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەگوتەی بەرپرسانی بەریتانیا بەڕێژەی 70٪ خێراتر بڵاودەبێتەوە، بەراورد بە ڤایرۆسی کۆرۆنای ئاسایی کۆڤید19(COVID-19).

 

هـ.ر.