پەرلەمانی ئیسرائیل خۆی هەڵوەشاندەوە

"بودجە و دەسەڵات هۆکاری سەرەکین"
ناتانیاهۆ لەکاتی پێشکەشکردنی گوتارێک لە کۆبوونەوەکەی کنێست، وێنە: YONATHAN SINDEL / POOL / AFP
ناتانیاهۆ لەکاتی پێشکەشکردنی گوتارێک لە کۆبوونەوەکەی کنێست، وێنە: YONATHAN SINDEL / POOL / AFP

K24 - هەولێر

پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) بەرەبەیانیی چوارشەممە هەڵوەشایەوە و، بڕیاردرا مانگی ئاداری داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.

لە کۆبوونەوەی درەنگانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، پەرلەمانی ئیسرائیل بڕیاری هەڵوەشانەوەی خۆی پەسەندکرد  بەهۆی هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانییەکەی ناتانیاهۆ و گانتز و، بڕیاردرا لە 23ـی مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو، هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەختە بکرێت، کە دەبێتە چوارەم هەڵبژاردن لەماوەی دوو ساڵدا.

هاوپەیمانییەکەی پارتی لیکود بەسەرۆکایەتیی ناتانیاهۆ و پارتی شین و سپی بەسەرۆکایەتیی بێنی گانتز ماوەی چەند هەفتەیەک بوو رووی لە داڕمان بوو، بەهۆی بێمتمانەیی و لێکتێنەگەیشت. 

هەتاوەکو نیوەشەوی رابردوو، ئەو هاوپەیمانییە کاریدەکرد بۆ تێپەڕاندنی بودجە، "بەڵام شکستهێنانیان لەمە، بووە هۆی ئەوەی پەرلەمان هەڵبووەشێتەوە"، بەگوتەی ئووری میکائیل، گوتەبێژی کنێست بۆ ئاژانسی فرانس پرێس.

پێشتر گانتز، وەزیری بەرگری رایگەیاندووە ئەو هەرگیز متمانەی بە ناتانیاهۆ نەبووە، بەڵام (بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتەکەی) بۆ ئەوە بوو، ئیسرائیلییەکان ناچار نەبن بۆ چوارەم جار هەڵبژاردن بکەن، لەکاتێکدا پەتای کۆرۆنا بڵاوە.

بەپێی رێککەوتنی هەردوولا، ناتانیاهۆ دەبوو بۆ ماوەی 18 مانگ سەرۆکوەزیران بێت و دواتر لە مانگی نۆڤەمبەر، گانتز شوێنی بگرێتەوە.

هۆکاری سەرەکیی ناکۆکییەکەش ئەوە بوو گانتز داوای دەکرد حکومەت بودجەی 2020 و 2021 تێبپەڕێنێت، "بۆ ئەوەی ئیسرائیل و هاوپەیمانییەکەیان لە دۆخێکی جێگیر بن"، بەڵام ناتانیاهۆ رەتیکردەوە بودجەی 2021 پەسەند بکرێت.

رەخنەگرانی ناتانیاهۆ دەڵێن ئەوە تاکتیکی ناتانیاهۆ بوو بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەکە بە ناجێگیری بمێنێتەوە و نقوومکردنی حکومەتەکەی ئاسان بێت بۆی، پێش ئەوەی ناچاربێت دەسەڵات بە گانتز بدات.