لە فەرەنسا پیاوێک سێ پۆلیس دەکوژێت و ماڵەکەی دەسووتێنێت

پیاوەکە دوای هەڵاتنی بە مردوویی دۆزرایەوە
وێنەیەکی ئەرشیڤیی رووبەڕووبوونەوەی پۆلیس و خۆپیشاندەران لە فەرەنسا، وێنە: AFP
وێنەیەکی ئەرشیڤیی رووبەڕووبوونەوەی پۆلیس و خۆپیشاندەران لە فەرەنسا، وێنە: AFP

K24 - هەولێر

پیاوێک لە فەرەنسا ئەمڕۆ سێ پۆلیسی بە گوللـە کوشت و یەکێکی دیکەی بریندار کرد و دوای ئەوەی هەڵات، بەمردووی دۆزرایەوە.

لە ناوەڕاستی فەرەنسا، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ کەسێک، کە کێشەی کۆمەڵایەتیی هەبووە، سێ پۆلیسی بە گوللـە کوشت و یەکێکی دیکەی بریندارکرد.

ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێ، بە ماوەیەکی کەم لەدوای نیوەشەوی رابردوو و (بەرەبەیانی ئەمڕۆ) پۆلیس بۆ بەهاناوەچوونی ژنێک چوونەتە گوندێکی دوورەدەستی شاری کلێرمۆنت فێران و یەکسەر لەلایەن پیاوێکەوە بەئامانج کراون.

تەقەکەرەکە، سەرەتا پۆلیسێکی بە گوللـە کوشتووە، دواتر ماڵەکەی ئاگرتێبەرداوە، پاشان دوو پۆلیسی دیکە کە بەهانای ئەوانەوە چوون، تەقەیان لێکراوە و بە گوللـە کوژراون.

رووداوەکە بەهۆی ئەوە بووە؛ ژنێک داوای بەهاناوەچوونی کردووە لەدەست ئەو پیاوە و خۆی لە ماڵەکە حەشارداوە، سەرەڕای کوژرانی ئەو سێ پۆلیسە و، برینداربوونی چوارەمیان، ژنەکە بە سەلامەتی رزگارکراوە.

ژێرالد دێرمانا، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە تویتەر رایگەیاند "تۆمەتبارەکە بە مردووی دۆزراوەتەوە"، بەبێ ئەوەی زانیاریی دیکە لەبارەی چۆنییەتی گیانلەدەستدانی ئاشکرا بکات.

ئاژانسە فەرەنسییەکە دەڵێ: تەقەکەرەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەکە ناسراوە، بەهۆی ئەوەی کێشەی دادگای هەبووە سەبارەت بە لەخۆگرتنی منداڵەکانی.

جگە لە هێرشی "تیرۆرستی"، رووداوی هاوشێوە و تەقەکردن لە پۆلیس لە فەرەنسا دەگمەنن.

دوایین رووداوی هاوشێوە لە مانگی ئایاری رابردوو بوو، کاتێک پیاوێک لە ماڵەکەی خۆیەوە تەقەی لە پۆلیس کرد لە هەرێمی گریۆندی فەرەنسا و پۆلیسێکی بریندار کرد، کاتێکیش خەریکبوو مەخزەنی چەکەکەی پڕبکاتەوە و دووبارە گوللـە بتەقێنێ، لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا.