%70 داهاتی نه‌وتی و نانه‌وتی له‌ پارێزگای هه‌ولێر و دهۆكه‌ و %30 له‌ پارێزگای سلێمانییه‌

%47 كۆی گشتی خه‌رجییه‌كان بۆ پارێزگای سلێمانییه‌
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

%70 کۆی گشتی داھاتی نەوتی و نانەوتی ھەرێمی کوردستان لە ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆکە، تەنیا لە سەدا سی داھاتی ھەرێم لە پارێزگای سلێمانییە ، بەڵام ڕێژەی لەسەدا چل و حەوتی کۆی گشتی خەرجییەکان لە ھەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای سلێمانی خەرج دەکرێت، بەڵام ھەندێک لایەن بەردەوام باس لەوە دەکەن کە حکومەت غەدر لە پارێزگای سلێمانی دەکات، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت قسەی ئەو جۆرە لایەنانە جگە لە موزادەیەکی سیاسی ھیچی دیکە نییە.

ھەندێک لایەنی بەشدار لە حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان و لە جومگە ھەستیارەکان پۆستی باڵا و بڕیار بەدەستیان ھەیە. كەچی جاربەجار بۆ مەرامی سیاسی و بەلارێدابردنی شەقام، باس لە غەدرلێکردنی حکومەتی ھەرێمی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی دەكەن. ھەرچەندە ھاوڵاتیانی سلێمانی ھۆشیارن و چیدیکە باوەڕ بەو قسانە و بابەتی موزایدە ناكەن. ئەوەی قسەی ئەو لایەنانەش دەبڕێت، داتا و ئامارەکانی خەرجی و داھاتە. چونکە خستنەڕووی داتا و ژمارەکان کۆتایی بەو موزایەدە دەھێنێت. لە کاتێکدا تەنھا 30% داھاتی سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت، بەڵام خەرجیەکەی 47%.

حکومەتی ھەرێمی كوردستان، حکومەتی سەرجەم ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە و بەیەک چاو سەیری ھەموو کوردستان دەکات.

 زیاد ڕەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی: ئەو کەس و لایەنانەی ئەم بابەتانە بڵاودەکەنەوە؛ دەیانەوێت موزایەدە بەسەر حکومەتی ھەرێمی كوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بکەن.

ھاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی دەبێت پرسیار لەو لایەنانە بکەن، کە باس لە غەدرکردنی حکومەتی لە سلێمانی دەکەن، ئایا ئەمە کوێی غەدرە لە کاتێکدا 70% داھاتی نەوتی و نانەوتی ھەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی ھەولێرو دھۆک دەچێتەوە خەزێنەی حکومەت، بەڵام تەنھا 30% داھاتی سلێمانی دەچێتەوە خەزێنەی حکومەت. ئایا ئەو داھاتەی ناچێتەوە نێو خەزێنەی حکومەت لە چیدا خەرج دەکرێت؟ ئەمە لە کاتێک دایە کۆی گشتی پشكی پارێزگای سلێمانی لە خەرجییەكانی ھەرێم 47%، كە زۆر زیاترە لە بڕی داھاتەکەی.