په‌رله‌مان له‌ ئاڵۆزی و خۆپیشاندانه‌كان ده‌كۆڵێته‌وه‌

بەپێی راپۆرتی لیژنەكان خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکان دەستی لە پشتەوە بووە
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

سێ لیژنەی پەرلەمانی کوردستان لەدوای سەردانکردنیان بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، ڕاپۆرتێکیان لە بارەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ئەو ناوچەیە نوسیووە و لەدوای تاوتوێکردنی پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا.  حەسیبە گەردی، ئەندامی ئەو لیژنە پەرلەمانیەی کوردستان، کە سەردانی ئیدارەی ڕاپەڕین و شارۆچكەی چەمچەماڵیان کردووە گوتی: ئاشكرابووە دەستی دەرەکی لە پشت ئەو ئاڵۆزیانەوە بووە و ھانی سووتاندنی بارەگا حکومی و حزبییەکان دراوە و چەکی بێ مۆڵه‌تیشیان بەکار ھێناوە.

خەدیجە عومه‌ر مزوری، ئەندامی لیژنەی یاسای لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: ئەوەی کراوە تەواو نا یاسایی بووە و  کۆمەڵە کەسانێک خۆیان داوەتە پاڵ ناڕەزایەتی ھاووڵاتیان و ئامانجیان تێكدانی ئارامی و لەباربردنی قەوارەی ھەرێمی كوردستان بووە.

ھەرسێ لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لەگەڵ لیژنەی یاسا و مافی مرۆڤ سەردانی ئەو ناوچانەیان کردن، کە لە ماوەی ڕابردوو لە سنوری ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان ڕاپەڕینیان کردووە. لە ڕاپۆرتێکدا زانیاری وردیان لەسەر ھۆکاری خۆپیشاندانەکان و کێ لە پشت ئەو ئاڵۆزیانەوە بووە؟ خستووەتەڕوو، ئەمە جگە لەوەی لە ڕاپۆرتەکەدا بە داتای ورد، زیانەکانی ھەر ناوچەیەکیان خەمڵاندووە.