وەزیری دەرەوەی ئێران بە شەش تویتی خۆی، توانج لە ترەمپ دەدات

دۆناڵد ترەمپ بەهۆی زۆریی توویتەکانی بەردەوام تووشی رەخنە دەبێت، بەتایبەتی ئەوانە ساڵانێکە کردوونی و ئێستا کە سەرۆکی ئەمەریکایە، قسەکانی لەبارەیانەوە گۆڕاوە.
محەمەد جەواد زەریف، دۆناڵد ترەمپ
محەمەد جەواد زەریف، دۆناڵد ترەمپ

K24 - هەولێر

دۆناڵد ترەمپ بەهۆی زۆریی توویتەکانی بەردەوام تووشی رەخنە دەبێت، بەتایبەتی ئەوانە ساڵانێکە کردوونی و ئێستا کە سەرۆکی ئەمەریکایە، قسەکانی لەبارەیانەوە گۆڕاوە. دوایین کەسیش کە بەو هۆیەوە توانجی لێداوە، وەزیری دەرەوەی ئێرانە و بە شەش تویتی خۆی وەڵامی داوەتەوە.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە توویتێکدا وێنەی شەش توویتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای بڵاوکردووەتەوە، کە لەماوەی ساڵانی 2011 بۆ 2013 کردوونی، ئەو کاتەی باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمەریکا بوو.

ترەمپ لە توویتەکانی ئەوکاتەیدا، کە هێشتا بازرگان بوو و لەنێو سیاسەتدا ناوێکی دیار نەبوو، هێرش دەکاتە سەر ئۆباما و تۆمەتباری دەکات بەوەی؛ کارتی هێرشکردنە سەر ئێران بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی هەڵببژێردرێتەوە.

زەریف لە توویتەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 24-12-2020) کە ترەمپیشی مێنشن کردووە، نووسیویەتی "خستنەمەترسیی هاووڵاتییانی خۆت لە دەرەوە، سەرنجەکان لەسەر شکستی کارەساتباری ناوخۆ لانادەن"، ئەمانە وشەکانی خۆتن دۆناڵد ترەمپ:

تویتەکانی ترەمپ لەبارەی ئێران لەسەردەمی حوکمی ئۆباما
تویتەکانی ترەمپ لەبارەی ئێران لەسەردەمی حوکمی ئۆباما

توویتەکانی ترەمپ:


22-10-2012
رێگەمەدەن ئۆباما کارتی ئێران بەکاربهێنێت، دەست بە شەڕ بکات بۆ ئەوەی هەڵبژێردرێت-- هۆشیار بن کۆمارییەکان!

29-11-2011
بۆ ئەوەی هەڵببژێردرێت، باراک ئۆباما شەڕ لەدژی ئێران هەڵدەگیرسێنێت.

16-8-2012
هەمیشە گوتوومە، باراک ئۆباما بەجۆرێک لە جۆرەکان هێرش دەکاتە سەر ئێران، پێش هەڵبژاردن.

10-11-2013
لەبیرتانە ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا پێشبینیم کرد سەرۆک ئۆباما هێرش دەکاتە سەر ئێران، لەبەرئەوەی توانای نییە بەشێوەیەکی گونجاو مامەڵە بکات- بەهرەدار نییە!

25-9-2013
لەبیرتانە پێشتر چیم گوت-- رۆژێک لە رۆژان ئۆباما هێرش دەکاتە سەر ئێران بۆ ئەوەی نیشانی بدات چەند بەهێزە.

29-11-2011
بۆ ئەوەی هەڵببژێردرێت، باراک ئۆباما دەست بە شەڕ دەکات لەگەڵ ئێران.

ترمپ و ئێران

دۆناڵد ترەمپ، دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمەریکا لە ساڵی 2017، یەکێک لە یەکەم بڕیارەکانی لە 27-1-2017 ئەوە بوو؛ هاووڵاتییانی ئێرانی بۆ ماوەیەکی کاتی رێگەیان لێگیرا بچنە ئەمەریکا.

رەنگە دیارترین بڕیاری دۆناڵد ترەمپ لەدژی ئێران لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا کشانەوە بێت لە رێککەوتنی ئەتۆمی، کە لەسەردەمی حوکمی ئۆباما واژۆکرا، بەڵام ترەمپ دوای ئەوەی بووە سەرۆکی ئەمەریکا گوتی رێککەوتنەکە "خراپترین رێککەوتنە لە مێژوودا".

ترەمپ لە ساڵی 2018 ئەمەریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشاندەوە و، سزای دارایی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەمەش جگە لە دەرکردنی بڕیاری کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە 3-1-2020، کە ئێرانی بەجۆرێک توڕەکرد، ترسی بەرپابوونی جەنگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتە هەبوو.

زۆرترین گیانلەدەستدان بەهۆی کارەساتەکان لە ئەمەریکا

ئەوەی زەریف باسی دەکات و مەبەستییەتی نیشانی بدات ئەوەیە "بە داتا بیسەلمێنێت ترەمپ بۆیە هێرش دەکاتە سەر ئێران، تاوەکو شکستی لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بشارێتەوە"، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو داتایەی بڵاوکردووەتەوە: رۆژانێک لە 100 ساڵی رابردوو کە تێیدا زۆرترین ژمارەی مردن بەهۆی یەک کارەسات تۆمارکراوە.

ئەو داتایەی وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاویکردووەتەوە، هەشت رۆژی دیاریکراوە، کە جگە لە دووانییان، ئەوانەی دیکە هەموویان لە ساڵی 2020ـن (لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا)، کە لەنێوان 2804 بۆ 3448 کەس بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە لە ماوەی تەنیا یەک رۆژدا.

ئاماری 100 ساڵی رابردووی زۆرترین گیانلەدەستدان بە یەک کارەسات
ئاماری 100 ساڵی رابردووی زۆرترین گیانلەدەستدان بە یەک کارەسات