جه‌سته‌ی به‌چكه گورگێك زانایان تووشی شۆك دەكات
K24 – مینیسۆتا - ئه‌مه‌ریكا
پاشماوه‌ی جه‌سته‌ی به‌چكه گورگێكی مێیه، كه له نزیك شاری داوسۆن له‌كه‌رتی یۆكۆن-كه‌نه‌دا دۆزرایه‌وه، پاش چوار ساڵ لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ری له‌لایه‌ن تیمێكی زانكۆی دی مۆن-ی ئایوا، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه راگه‌یه‌نرا كه بووه هۆی ئه‌وه‌ی زانایانی به‌به‌ردبوونی تووشی شۆك بكات.
پڕۆفیسۆر خاتوو جۆلی میتچن، زانای به به‌ردبووه‌كان و توێكاری له زانكۆی دی مون له ئایوا به رۆژنامه‌ی EurekAlert زانستی راگه‌یاندووه: "زۆر سه‌رسوڕهێنه‌ره. جه‌سته‌ی تێر‌و ته‌واوه. ته‌نیا چاوه‌كانی كه‌مه".
به‌هۆی به‌كارهێنانی كۆمه‌ڵێك ته‌كنیكی جۆراوجۆره‌وه، تیمه‌كانی توێژینه‌وه ئه‌توانن ژماره‌یه‌كی زۆر له لایه‌نه‌كانی ژیانی ئه‌و به‌چكه گورگه مێیه دیاریبكه‌ن، له ته‌مه‌نییه‌وه تا سیستمی خۆراكی و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری مردنه‌كه‌شی.
له‌و سه‌رده‌مه‌ی زوودا خه‌ڵكی لۆكاڵی ترۆندیك هۆیچین ئه‌م ئاژه‌ڵه‌یان به Zhur ناو بردووه كه به زاری خۆیان واته گورگ. زانایان ده‌ڵێن، پێست و توكه‌كه‌یی و ددانه‌كانی تێر و ته‌واون (وه‌ك ئه‌وه‌یه گورگێك به ته‌واوی مۆمیا كرابێت).
توێژه‌ره‌كان سه‌ریان سوڕماوه له‌وه‌ی كاتێك پشكنینیان كردووه هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی تێر‌و ته‌واوه.
توێژینه‌وه‌كه تێبینی ئه‌وه‌ی كردووه كه دۆزینه‌وه‌ی ئاژه‌ڵی Zhur ده‌گمه‌ن بووه له یۆكۆن -ی كه‌نه‌دا و ویلایه‌تی ئالاسكا كه هاوشانی یه‌كترن و سنووریان پێكه‌وه‌یه.
ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه‌ی خاتوو جولی كه له 22 ی كانوونی یه‌كه‌م له گۆڤاری (بایۆلۆژی سه‌رده‌م) بڵاویكرده‌وه ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه كه ئه‌و به‌چكه گورگه و دایكه‌كه‌ی ته‌نیا به‌روبوومه ئاوییه‌كانیان خواردووه له نێویاندا ماسی سه‌له‌مۆن.
به به‌راوردكردنی داتاكانی ترشی ناوكی DNA ی گورگه‌كه و شیكردنه‌وه‌ی چینی مینا-ی ددانه‌كانی، ئه‌وه ده‌ركه‌وتووه كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ئه‌و به‌چكه گورگه 56 هه‌زار بۆ 57 هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ژیابێت.
له رێگه‌ی گرتنی تیشكی X -ی جه‌ستی به‌چكه گورگه‌كه‌وه ده‌ره‌كه‌وێت كه ته‌مه‌نی له نێوان 6 بۆ 8 هه‌فته بووه كاتێك مردووه.
لێكۆڵینه‌وه‌كه ده‌ریخستووه كه له ناو كولانه‌كه‌یدا مردووه، پێده‌چێت كولانه‌كه‌ی به‌سه‌ردا روخابێت.
وا داده‌نرێت كه Zhur نه‌ك ته‌نیا بۆ زانایانی به‌به‌ردبووه‌كان گرنگه به‌ڵكو بۆ گه‌لی ترۆندیك هۆیچین گرنگه كه له یۆكۆن ژیاون.
دیبی ناجاند به‌رێوه‌به‌ری شوێنه‌واری ترۆندیك هۆیچین و ئه‌ندامی هۆزی گورگه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی یه‌كه‌م، ده‌ڵێت: "ئێمه په‌یوه‌ندیمان به‌م به‌چكه گورگه‌وه هه‌یه".
دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له دۆزینه‌وه و توێژینه‌وه، بڕیاره ئه‌م گورگه بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ شاری داوسۆن.