فەرماندەیەکی هاوپەیمانان لە کوردستان: 2020 ساڵێکی زۆر خراپ بوو بۆ داعش

ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لەمدواییە لەلایەن هێزە تایبەتەکانی کورد و دژەتیرۆری عێراق لەدژی داعش کراون، زۆر سەرکەوتوو بوون.
كۆڵۆنێڵ دەیڤد ولیەمز، فەرماندەی سەنتەری هەماهەنگیی ھاوبەشی ھاوپەیمانان لە كوردستان
كۆڵۆنێڵ دەیڤد ولیەمز، فەرماندەی سەنتەری هەماهەنگیی ھاوبەشی ھاوپەیمانان لە كوردستان

K24 - هەولێر

فەرماندەی سەنتەری هەماهەنگیی ھاوبەشی ھاوپەیمانان لە كوردستان لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 سەبارەت دوایین پێشوەچوونەکان لەدژی داعش، یارمەتیدانی پێشمەرگە و هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ هێزە عێراقییەکان، میوان بوو و ئاشکرای کرد "ئەمساڵ بۆ داعش ساڵێکی زۆر خراپ بووە".

دەقی پرسیارەکانی کوردستان24 و وەڵامەکانی، كۆڵۆنێڵ دەیڤد ولیەمز، فەرماندەی سەنتەری هەماهەنگیی ھاوبەشی ھاوپەیمانان لە كوردستان:

کوردستان24: ده‌كرێ نوێترین ئه‌پده‌یت و زانیاریمان بده‌یتێ سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی ئه‌منی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی داعش له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم؟

كۆڵۆنێڵ دەیڤد: 2020 ساڵێکی خراپ بوو بۆ هەمووان، بەتایبەتیش ساڵێکی خراپ بوو بۆ داعش. ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لەمدواییە لەلایەن هێزە تایبەتەکانی کورد و دژەتیرۆری عێراق لەدژی داعش کراون، زۆر سەرکەوتوو بوون. بۆیە ئەمە ساڵێکی سەخت بوو بۆ داعش. ئێمە وەکو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هیوادارین بەردەوام یارمەتیی هەریەک لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزە ئەمنییە کوردییەکان بدەین تاوەکو دۆڕانی کۆتایی داعش.

کوردستان24: له‌ماوه‌ی 12 مانگی رابردوودا، پاشماوه‌كانی داعش چه‌ندین هێرشیان ئه‌نجامداوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك خه‌ریكی خۆڕێكخستنه‌وه‌ن به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌كانی باكووری عێراق و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، پێتوایه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی داعش له‌ ناوچانه‌ ماون؟

كۆڵۆنێڵ دەیڤد: هەڕەشەی داعش هەر بەردەوامە، بۆیە هێشتا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لێرەیە بۆ یارمەتیدانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ تێکشکاندنی کۆتایی (داعش) لەڕێگەی پێدانی زانیاریی هەواڵگی، یارمەتیی ئاسمانی، راهێنانی هێزی تایبەت و هەروەها راوێژکاری بۆ ئۆپەراسیۆنەکان بە هەردوولا، عێراقی و کوردییەکان.

هەڕەشەیەی داعش هێشتا بە بەهێزی ماوەتەوە بەتایبەتی لە هەندێک ناوچە کێشەلەسەرەکان. هیچ گومانێک لەوەدا نییە بۆیە ئێمە هەردوولا هاندەدەین دەست بە ئۆپەراسیۆن بکەن، زانیاریی هەواڵگری ئاڵوگۆڕ بکەن بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکان کۆتایی بە داعش بهێنن لە بەشێکی ئەو ناوچە کێشەلەسەرانە.

کوردستان24: ئێوه‌ وه‌كو هاوپه‌یمانان هه‌وڵتانداوه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق دروست ببێت تاوه‌كو ئه‌و ناوچه‌یه‌ سه‌قامگیربێته‌وه‌؟

كۆڵۆنێڵ دەیڤد: من، بەختی ئەوەم هەیە کارێکی زۆر باشم هەبێت لەنێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا، کە دەتوانم لەنزیکەوە کار لەگەڵ پێشمەرگە و هێزە کوردییەکاندا بکەم. ئێمە زۆر بەنزیکی لەگەڵ پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەدا کاردەکەین، هەر لە ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی هەواڵگری و، راوێژ بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان، هەروەها یارمەتیدەرین لە دابینکردنی کەرەستەکان بۆ پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە. ئێمە، هاوبەشین، هاوبەشی زۆر نزیکی یەکترین بۆ ئەوەی یارمەتیدەربین لە شکستپێهێنانی داعش، هەروەها لەگەڵ هێزە ئەمنییە عێراقییەکانیش کاردەکەین و پێداویستییان پێدەدەین، راهێنانیان پێدەکەین. دەتوانین بەیەکەوە کاربکەین و لە کۆتاییدا داعش ببەزێنین، تاوەکو دڵنیاببینەوە لەوەی ئایدۆلۆژیاکەیان دووبارە لە عێراق سەرهەڵناداتەوە.

کوردستان24: ئێستا، كه‌ ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌ندام له‌ هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستیانكردووه‌ به‌ پرۆسه‌ی چاكسازی لەنێو هێزی پێشمه‌رگه‌، ئێستا ئه‌و پرۆسه‌یه‌ چۆن ده‌ڕوات و له‌ چ قۆناغێكدایه‌؟

كۆڵۆنێڵ دەیڤد: پرۆسەکە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت، لە ساڵی 2015 بەریتانییەکان، ئەمەریکییەکان، ئەڵمانییەکان و هۆڵەندییەکان گرووپێکی راوێژکاریی مەڵتیناشناڵیان پێکهێنا؛ ئەو گرووپە ریفۆرمی پێشمەرگە بەجێدەگەیەنێت تاوەکو پێشمەرگە ببێتە هێزێکی بەتواناتر، ئەرکسووکتر و مۆدێرنتر لەداهاتوودا، لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەی دیکەی هاوشێوەی داعش. ئەو گرووپە نزیکەی 36 پرۆژەی هەبووە و، پرۆژەکان بواری زۆر جیاوازیان لەخۆگرتووە و ئێستا گەیشتووینەتە جێبەجێکردنی نزیکەی 26 پرۆژە.

ئێستا، کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکان ئەوانە پێشەنگن لەم بوارەدا، مەرج نییە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پرۆژەکان بەڕێوەببات، بەڵام ئێمە زانیارییان پێدەدەین. شتێک هەیە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لێی بەرپرسە، ئەویش: میکانیزمی هەماهەنگیی هاوبەشە، کە دامەزراندنی سەنتەرێکی هاوبەشی ئەمنی لەخۆدەگرێت لە هێڵی هەماهەنگیی کوردی و لەنێوان هێزە عێراقییەکان و کورد. دەمەوێت ئاماژە بە سەنتەری هاوبەشی هاوپەیمانان بدەم لە هەولێر، کە ئەفسەرانی عێراق و پێشمەرگە لەوەتەی 2015 تێیدا بەیەکەوە کاردەکەن. ئەم سەنتەرە کلیلی شکاندنی داعش بوو، بەتایبەتی لە موسڵ کاتێک یەکەکانی عێراقی هاتنە سنووری کوردستان و چوونە موسڵ بۆ ئەوەی پاکی بکەنەوە لە داعش، ئەم سەنتەرە تاوەکو ئەمڕۆش لە هەولێر کاردەکات و تێیدا زانیاریی هەواڵگری و هەماهەنگی دەبێت و نیشانی دەدات، چۆن هێزە کوردی و عێراقییەکان دەتوان بەیەکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی لەدواییدا داعش ببەزێنن.

کوردستان24: له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ندێ له‌ مه‌شق و راهێنانه‌كانی به‌ پێشمه‌رگه‌ راگرت، ئایا ئه‌و مه‌شق و راهێنانه‌ ده‌ستیانپێكردووه‌ته‌وه‌؟ ئایا له‌ قۆناخی ئایینده‌شدا هاوپه‌یمانان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هاوكاریكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌؟

كۆڵۆنێڵ دەیڤد: بەدڵنیاییەوە بەردەوام دەبین لە یارمەتیدانی هێزەکانی پێشمەرگە. من و تیمەکەم و هەموو ئەو وڵاتە جیاوازانە لێرەین بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە. کۆرۆنا ئاستەنگییەکی زۆر گەورە بووە بۆ هەموو کەسێک، بووە هۆی هێواشکردنەوەی راهێنانەکان، بەڵام لەکاتێکیشدا روویدا کە گۆڕانێک هەبوو لە قۆناغی رووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ داعش و بۆ قۆناغێکی دیکە، بۆیە لە قۆناغی راهێنانی تاکتیکی رەتمانداوە و بۆ قۆناغی راوێژی ئۆپەراسیۆنەکان لە چەند مانگی رابردوودا بەهەمان شێوەی کۆڤید، بەڵام ئەوە، یارمەتیدانمان بۆ هێزە عێراقییەکان و هێزە کوردییەکان ناگۆڕێت، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هێشتا لێرەیە و بۆ یارمەتیدان و هاوکاریکردنیان لە کۆتایێهینانی یەکجارەکیی داعش و رێگەنادەین کۆرۆنا بمانووەستێنێت لە ئەنجامدانی ئەم کارە.

کوردستان24: ئێستا كه‌ جارێكی دیكه‌ هێرشكرایه‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق و به‌تایبه‌تی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مەریكا له‌ به‌غدا، ئه‌مریكاش هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ ده‌كات، ئایا ئه‌و هێرشە مووشه‌كییانه‌ هیچ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌ركه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق كردووه‌؟

كۆڵۆنێڵ دەیڤد: بەڕاستی ئێمە بە هیچ شێوەیەک رامان لەو رەوشە نییە. ئێمە، مافمان هەیە بەرگری لەخۆمان بکەین، هیوادارین ئەو هێرشانە هیچی دیکە روونەدەنەوە. من، تەنیا ئەوەندە دەڵێم.