سەرۆكی ئازەربایجان ھەوڵی نێوەندگیری لە نێوان توركیا و ئیسرائیل دەدات

ئەردۆغان بە شێوەیەكی ئەرێنی وڵامی داوەتەوە
سەرۆكی ئازەربایجان، ئیلھام عەلییڤ
سەرۆكی ئازەربایجان، ئیلھام عەلییڤ

K24- ھەولێر:

پێگەی "والا" رایگەیاند، سەرۆكی ئازەربایجان، ئیلھام عەلییڤ دەیەوێت نێوەندگیری لە نێوان ھەردوو ھاوپەیمانەكەی ئێسرائیل و توركیادا بكات، لە پێناو گەڕاندنەوەی پەیوەندییەكانیان بۆ سەردەمی پێشوویان، تەنانەت چەند ھەنگاوێكی كرداریشی لە پێناو جێبەجێكردنی ئەم كارە ئەنجامداوە.

بەرپرسانی ئیسرائیلی بە پێگەكەیان راگەیاندووە، سەرۆكی ئازەربایجان لەم دواییەدا پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامداوە و لەو پەیوەندییەدا باسی پەیوەندییەكانی توركیا و ئیسرائیلی كردووە. راوێژكارانی عەلییڤ بە ھاوتا ئیسرائیلییەكانیان گوتووە، ئەردۆغان بە شێوەیەكی ئەرێنی وڵامی داوەتەوە و بەشێوەیەكی كۆتایی باشكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل رەت نەكردووەتەوە.

ئاشكراشیانكردووە، سەرۆكی ئازەربایجان و راوێژكارە باڵاكانی، نامەیەكیان گواستووەتەوە، ناوەڕۆكەكی ئەوەیە، ئەوان دەیانەوێت ھەردوو دۆستە گەورەكەیان، توركیا و ئیسرائیل دەست بە پەیوەندییەكانیان بكەنەوە و ئەوانیش ئامادەن لەم روویەوە ھاریكاری پێشكەش بكەن.

ئەو پێگە ئیسرائیلییە رایگەیاندووە، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل و راوێژكاری سەرۆكی ئازەربایجان بۆ كاروباری دەرەوە، حیكمەت حاجییڤ، رەتیانكردووەتەوە لە بابەتە بدوێن.

سەرچاوە: "i24news"