لەبارەی رێككەوتنی ئەتۆمی ئیسرائیل پێشوازی لە پێشنیازەكەی ئەڵمانیا دەكات

ئەو داوایەی ئەڵمانیا "ھەنگاوێكە بەرەو ئاراستەی درووست"
لەبارەی رێككەوتنی ئەتۆمی ئیسرائیل پێشوازی لە پێشنیازەكەی ئەڵمانیا دەكات
لەبارەی رێككەوتنی ئەتۆمی ئیسرائیل پێشوازی لە پێشنیازەكەی ئەڵمانیا دەكات

K24- ھەولێر:

ئیسرائیل پێشوازیكرد لە دەستپێشخەرییەكەی ئەڵمانیا لە بارەی بەرفراوانكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و كردنی بە گرێبەستێكی ئەمنی فراونتر دوای ئەوەی سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا، جۆ بایدن لە پۆستەكەی دەستبەكار دەبێت.

باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەڵمانیا، جیرمی یەسخارۆڤ، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئاژانسی "فرانس پرێس"  ئەو داوایەی ئەڵمانیای بە "ھەنگاوێك بەرەو ئاراستەی درووست" وەسفكرد، و پشتیوانی ئیسرائیلی راگەیاند بۆ ئەوەی ئەڵمانیا بخرێتە نێو دیپلۆماسییەتی ناوچەكەدا".

پێشتر ھەر لەم مانگەدا، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ھایكۆ ماس داوای پێداچوونەوەی بە رێككەوتنی ئەتۆمی كردبوو بۆ ئەوەی بەرفراونتر بێت و ھەندێك پرسی دیكەی گرنك لەخۆ بگرێت.

ئەو دیپلۆماسییە ئیسرائیلییە جەختیكردەوە لەوەی "پێویستە دەوڵەتانی 5+1 (ویلایەتە یەكگرتووەكان، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، رووسیا و چین) لەھەر دانوستانێكی ئایندەدا لەگەڵ ئێران، تێوگلانی تاران لە ناسەقامگیری وڵاتانی دیكە وەك سووریا، لوبنان، یەمەن و عێراق لەبەرچاو بگیرێت".

گوتیشی: "پێموایە، دەبێت خەڵك بزانێت، ناكرێت میلی كاتژمێر بگەڕێندرێتەو بۆ دواوە بۆ ساڵی 2015.. لەو ماوەیەدا بەرھەمھێنانی مووشەك و تاقیكردنەوەكانی ھەبووە، دەبێت رەفتار لەگەڵ ئەو پرسانە بكرێت، ھەروەھا لەگەڵ ئەو سەرەڕۆیە زۆرەی ئێران كردوویەتی لە بەرامبەر ھەموو (پلانی كاری ھاوبەشی تەواو)".

ئێران لەم ساڵانەی دواییدا، زنجیرە ھەنگاوێكی كردەیی ئەنجامدا بۆ خۆدزینەوە لەو پابەندییانەی لە رێككەوتنی ئەتۆمیدا ھاتووە، وەك ناڕەزایبوون لە بەرامبەر بڕیاری ئیدارەی سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ بەكشانەوەی وڵاتەكەی لە رێككەوتنەكە و دەستكردنەوە بەسەپاندنی سزاكان لەسەر تاران و زیادكردنییان.

سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا، جۆ بایدن، كە لە 20 كانوونی دووەم دەچێتە كۆشكی سپی، نیازی خۆی راگەیاند، لە گەڕانەوە بۆ ناو رێككەوتنی ئەتۆمی، لە حاڵەتێكدا ئەگەر ئێران بگەڕێتەوە سەر تەواوی پابەندییەكانی بە رێككەوتنەكە.

لە لایەی خۆیەوە ئێران چەندینجار رەتیكردووەتەوە پێداچوونەوە بە رێككەوتنی ئەتۆمیدا بكرێت.

سەرچاوە: RT