پۆلیسی ھەرێم ئاماری تاوانه‌كانی ساڵی (2020)ی بڵاوكرده‌وه‌

رووداوەكانی كوشتن لە ساڵی (2020) بە بەراورد بە ساڵی (2019) كەمی كردووە
كارزان ئەمیر غەفووری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی ھەرێم
كارزان ئەمیر غەفووری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی ھەرێم

K24 - هه‌ولێر:

لە ساڵی (2020) بە بەراورد بە ساڵی (2019) رووداوەكانی كوشتن و دزیكردن كەمتر ئەنجامدراون، ئەمساڵ كۆی گشتی رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن: بریتییە له‌ (257) حاڵه‌ت، دزیكردن: (3) هه‌زار و (298) حاڵه‌ت، راوێژكارێكی یاسایی ئاماژەی بەوەكرد، "ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەرەنتین، پرۆسەی دادگاییكردن ھێواشتر بەڕێوەچوون، بەڵام ئەوەی گرنگە تاوانباران بە خێرایی دەستگیركراون".

رووداوەكانی كوشتن لە ھەرێمی كوردستان لە ساڵی (2020) بە بەراورد بە ساڵی (2019) كەمی كردووە، ئەمساڵ (257) حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتن لە تەواوی پارێزگا و قەزا و ئیدارە سەربەخۆكانی هه‌رێمی كوردستان روویداوە.

كارزان ئەمیر غەفووری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی ھەرێم، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (24ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020) له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "توانیومانە بەشی زۆری تاوانباران دەستگیر بكەین و رووبەڕووی یاسایان بكەینەوە".

كارزان غه‌فووری گوتی: "لەسەر ئاستی پارێزگاكان، رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن بەم شێوەیە بوون، ھەولێر (65) حاڵەت، (61) حاڵەتیان پەڕاوەكانیان داخراون، واتا بكەران سزای یاسایی خۆیان وەرگرتووە، له‌ سلێمانی (50) حاڵەت، (36) حاڵەتیان پەڕاویان داخراون، له‌ دھۆك (61) حاڵەت، (59) حاڵەتیان داخراون، له‌ ھەڵەبجە (4) حاڵەت، ھەموویان داخراون، له‌ قەزای سۆران (32) حاڵەت، (23) حاڵه‌تیان داخراون، له‌ گەرمیان (19) حاڵەت، (13) حاڵه‌تیان داخراون، له‌ راپەڕین (26) حاڵەت، سەرجەمیان داخراون".

عەبدولڕەحمان زێباری، راوێژكاری یاسایی، به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، "ئه‌مساڵ دۆخی دادگاییكردن لەسەردەمی كۆرۆنا، بەهۆی كەرەنتینه‌وه‌ ساڵێكی ناله‌باربوو، پرۆسەی دادگاییكردن ھێواشتر بەڕێوەچوون، ئه‌م دۆخه‌ له‌سه‌ر دادگاكان ره‌نگی دایه‌وه‌، دواخستنی كه‌یسه‌كان زۆر بوون، لێكۆڵینه‌وه‌ی دادگا دواده‌خرا، هه‌روه‌ها یاسای باری كه‌سی و هه‌ندێك یاسای دیكه‌، پێوستییان به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆی سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیا ناگونجێن".

كارزان غه‌فووری روونیكرده‌وه‌، "لە ساڵی (2020)دا، (3) هه‌زار و (298) حاڵەتی دزیكردن روویداوە، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو (4) هه‌زار و (322) حاڵەت روویداوە، ئەمساڵ لە ھەولێر (559) حاڵەتی دزیكردن روویداوە، لە سلێمانی هه‌زار و (520) حاڵەت، له‌ دھۆك (594) حاڵەت، له‌ ھەڵەبجە (67) حاڵەت، له‌ سۆران (98) حاڵەت، له‌ گەرمیان (144) حاڵەت، له‌ راپەڕین (316) حاڵەت، بەشی زۆری ئەو كەسانەی دزییان كردووە، دەستگیركراون".

د.ی