سالار عوسمان: ناكرێت له‌گه‌ڵ لایه‌نی ناكۆك دانووستان بكه‌ین، هه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ش ببێته ناوبژیوان
K24 - هه‌ولێر:
سالار عوسمان، چاودێری سیاسی له‌میانه‌ی به‌شداری كردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24 رایگه‌یاند، رێككه‌وتن ئاسان نییه، پێویسته به ته‌وافق رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق بكه‌ین، به‌یه‌كده‌ست له‌به‌غدا كاربكه‌ین، چونكه هه‌رێمی كوردستان به‌هێزه، توانای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌یه.
سالار عوسمان گوتی: "پێویسته حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و ره‌وشه‌ی عێراق بكه‌ن، له رووی ئابووری و سیاسییه‌وه، شاره‌زایان و ئابووریناسان باس له داڕمانی ره‌وشی عێراق ده‌كه‌ن، بۆیه پلانی هه‌رێم بۆ رێككه‌وتن پێویسته له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافق بێت، ئه‌مه‌ش به شاندێكی به‌هێز ده‌كرێت، كه له رووی سیاسییه‌وه به‌هێز بێت، هه‌رچه‌ند ئه‌و شانده‌ی له به‌غدا بوو، شاندێكی حكومی به‌هێز بوو، به سه‌رۆكایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی، كه كه‌سێكی په‌رۆشه، توانی په‌یامی چارسه‌ر پێشكه‌شی به‌غدا بكات".
سالار عوسمان گوتیشی: "ئه‌م په‌یامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، رێك ئه‌و هه‌ڵوێسته پۆپۆلیستییه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، كه هه‌ندێك ده‌یانگوت هه‌رێم نایه‌وێت رێككه‌وتن بكات، نایه‌وێت ره‌وشه‌كه چارسه‌ر ببێت، بۆیه ده‌بێت خه‌ڵكی كوردستان بزانن هیچ پاساوێك له‌به‌رده‌می حكومه‌تی عێراق نه‌ماوه، رێكنه‌كه‌وێت".
سالار عوسمان ئاماژه‌ی كرد، "پێویسته شاندێكی سیاسی، له شێوه‌ی ئه‌نجومه‌نێكی سیاسی، به سه‌رۆكایه‌تی كاره‌كته‌رێكی گه‌وره‌ی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ سومبوله سیاسییه‌كانی عێراق گفتوگۆ بكه‌ن، چاره‌سه‌ری سیاسییانه بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی بتوانین ساڵی (2021) ساڵێكی ته‌بایی بێت".
سالار عوسمان روونیكرده‌وه، "بۆچوونی هه‌بوونی لایه‌نی سێیه‌م له گفتوگۆكانی به‌غدا، بۆچوونێكی باشه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ناكرێت له‌گه‌ڵ لایه‌نی ناكۆك دانووستان بكه‌ین، هه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ش ببێته ناوبژیوان، چونكه ئه‌وان له په‌رله‌مان به شێوه‌ی دژمنكارانه به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، بۆیه پێویستمان به لایه‌نی سێیه‌مه، وه‌ك چاو‌دێر و شایه‌ت".
سالار عوسمان جه‌حتی كرده‌وه، "به‌شێك له په‌رله‌مانتارانمان له به‌غدا زۆر باش كار بۆ كورد ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌شێكی دیكه زۆر خراپن، له مێژووی كورددا هه‌ر وابووه، به‌شێكی كورد له‌گه‌ڵ كورد نه‌بوون، ته‌نانه‌ت بیرۆكه‌ی مووچه‌بڕین هی كورد بووه، كۆمه‌ڵێك كورد، پێشنیازیان بۆ حكومه‌تی عێراق كردووه، مووچه‌ی هه‌رێم ببڕن، بۆئه‌وه‌ی هه‌رێم لاواز ببێت، ئه‌مه به‌ده‌نگ و وێنه هه‌یه، با نه‌وه‌كانمان بزانن، گرووپێك كورد له به‌غدا هه‌بوون، داوایان كردووه مووچه‌ی كورد ببڕن، له ئاستی باڵا پێشنیازی ئه‌وه كراوه، هێرش بكه‌نه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ته‌نانه‌ت دوای ریفراندۆمیش پلانی ئه‌وه هه‌بووه، قه‌واره‌ی هه‌رێم نه‌مێنێت، ئه‌گه‌ر له ریفراندۆم و (16ی ئۆكتۆبه‌ر)دا یه‌كده‌ست بووباین، له چاره‌سه‌ری سیاسی و ئیداری و شاندی دانووستاكاری به‌غدا یه‌كده‌ست بووباین؛ به‌غدا ئه‌و ناوه‌نده به‌هێزه نییه، به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان بوه‌ستێت، چونكه تا ئێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌هێزه".
د.ی