رووحانی: واشنتن بەربەست دەخاتە بەردەممان لە دەستکەوتنی ڤاکسینی کۆرۆنا

رووحانی: واشنتن رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەترسینێ و لەنگەرمان لەبەردەم دادەنێت لە دەستکەوتنی ڤاکسینی کۆرۆنا
حەسەن رووحانی، سەرۆک کۆماری ئێران
حەسەن رووحانی، سەرۆک کۆماری ئێران

K24 - هەولێر

سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەربەست دەخاتە بەردەم ئێران لە دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ (شەممە، 26-12-2020)ـی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، حەسەن رووحانی، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند "ئەمەریکا تەنیا بەربەستی لەبەردەم ئێران دانەناوە لەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا دابین بکات، بەڵکو هەوڵیداوە رێگربێت لە دابینکردنی ماددەی خۆراکی و هەموو جۆرە کەرەستەیەک لە دەرەوەی وڵاتەوە".

رووحانی ئاماژەی بەوە دا "ئەمەریکا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ترساندووە و رایگەیاندووە دەبێت "پارەکەی لە بانکی ئەمەریکی دابنرێت".

لەکاتێکدا سەرۆک کۆماری ئێران جەختی کردەوە لەوەی وڵاتەکەی بەسەر ئەستەنگییەکاندا سەردەکەوێت، رەتیکردەوە گەلەکەی ڤاکسینی پشتڕاستنەکراوەی کۆرۆنای لەسەر تاقیبکرێتەوە.

پێشتر ئێران رایگەیاندووە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا توانیویانە بەسەر شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا زاڵ بن.

رووحانی گوتبووی "رێژەی قوربانیان بۆ 50٪ دابەزیوە. لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی بانکی ناوەندی و وەزارتی تەندروستی پلانێکیان داڕشتووە بۆ هاوردەکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا لە دەرەوە، بەمەش ڤاکسینی دەرەوە و ڤاکسینە خۆماڵییەکە کە هیوادارین لە چەند مانگی داهاتوو ئامادەبێت، بەردەست دەبن".

ئێران یەکێک بوو لە یەکەم وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕووی زۆریی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە پەتای کۆرۆنا، بەجۆرێک لە رۆژێکی مانگی نۆڤەمبەر نزیکەی 14 هەزار کەس تووشی ئەو پەتایە بوون، بەڵام لەوکاتەوە بەرە بەرە ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رووی لە کەمی کردووە.

بەگشتی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تائێستا ملیۆنێک و 190 هەزار کەس تووشی پەتای کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش نزیکەی 55 هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.